ئاگر لە بەندەرێکی ئێران کەوتەوە و چوار کەشتی و بەلەم سووتان

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 05/05/2026
جیهان
+
-

بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی بەندەری دەیێر ڕایگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە چەند کەشتییەکی بازرگانی لە ئیسکەلەی واعزی کەوتووەتەوە و تا ئێستا چوار کەشتی و بەلەم سووتاون، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

 

مەجید عومرانی، بەرپرسی بنکەی ئاگرکوژێنەوەی بەندەری دەیێر لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی میهر-ی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ئاگر لە دوو کەشتی بازرگانیی جۆری فایبەرگلاس کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی چڕدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، هاوکات پرۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە یەکێک لە کەشتییەکان بەرەو کۆتایی دەچێت."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی فراوانی و هێزی ئاگرەکەوە، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە بۆ دوو کەشتی بەلەمی دیکەی تەختە کە لە تەنیشت ئەو دوو کەشتییەوە بوون، لە ئێستاشدا سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەشین.

 

سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، مەجید عومرانی ڕوونیکردەوە: "تا کۆتاییهاتنی تەواوەتیی پرۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە هۆکاری ڕووداوەکە نازانرێت و دواتر زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بڵاودەکەینەوە."

89 جار خوێندراوەتەوە