هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وەڵامی بەیاننامەکەی حزبی دەعوە دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، محەمەد شیاع سودانی تاکە کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پشتیوانییەکانیان بۆ کاندیدکردنی نووری مالیکی کشاندووەتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە کە نووری مالیکی لە کاندیدبوون نەکشاوەتەوە و تا ئێستە وەک تاکە کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ماوەتەوە، بەڵام هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە زاری خالید وەلید، سەرکردە لە هاوپەیمانییەکە، بەرپەرچی ئەو بەیاننامەیەی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، مالیکی لە ئێستادا ڕووبەڕووی ناڕەزایی بووەتەوە و ئەوان وەک هاوپەیمانییەکە پشتیوانی لێ ناکەن
خالید وەلید ڕایگەیاند: سووربوون لەسەر بژاردەی مالیکی وامان لێ دەکات لەبەردەم تەنگژەیەکی ئاڵۆزتردا بین، لە ئێستادا هەشت لایەن لەگەڵ ئەوەدان سودانی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق و ئەو کاندیدی یەکەمی ئێمەیە
ئەم ململانێیە لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە 26 ی ئەم مانگەدا وادەی دەستووری بۆ ڕاسپاردنی کاندیدێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کۆتایی بێت، کە بەپێی عورف و تەوافوقی سیاسی لە عێراقدا، ئەو پۆستە پشکی پێکهاتەی شیعەیە.
41 جار خوێندراوەتەوە