هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هەڕەشەی شەرمەزارکردنی ئەو کوتلانە دەکات کە بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 10/04/2026
عێراق
+
-

هەیبەت حەلبوسی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بانگهێشت دەکات و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ناوی بایکۆتکەران دەکات

 

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی داوایەکی فەرمی ئاراستەی سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆک کوتلە و تەواوی ئەندامانی پەرلەمان کرد، بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی سبەینێ شەممەدا بکەن، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

 

حەلبوسی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە پێویستیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە و داوای لە لایەنەکان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەنە پێش هەموو شتێکەوە، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە ئەمنیی و ئابوورییەی وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە ئەوەش وەک ئەو دەڵێت پێویستی بەوەیە هەمووان بەرپرسیارێتی نیشتمانیی خۆیان هەڵبگرن

 

هاوکات، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هۆشدارییەکی توندی دایە پەرلەمانتاران و ڕایگەیاند، ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابن، لەگەڵ ناوی ئەو کوتلە سیاسییانەی ڕێگری لە ئامادەبوونی ئەندامەکانیان دەکەن، بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە تاوەکو شەقام لە هەڵوێستی هەمووان ئاگادار بێت.

50 جار خوێندراوەتەوە