ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان: مووچە شایستەیەکی یاساییە، نەک خەڵات و دیاری تا بە ئارەزوو ببڕدرێت

KNN : Kurdish News Network
10:21 - 11/03/2026
کوردستان
+
-

ڕایەڵەی مامۆستایانی بزوتنەوەی گۆڕان، یاداشتێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد و تێیدا سەرکۆنەی بڕینی مووچەی ئەو مامۆستایانە دەکات کە ئامادە نەبوون مامەڵەی پڕۆژەی (هەژماری من) پڕ بکەنەوە. ڕایەڵەکە ڕایگەیاندووە، کە مووچە شایستەیەکی یاسایی و دارایی مامۆستایانە بەرامبەر بە ئەرک و ماندووبوونیان، نەک "خەڵات" یان "دیاری" کە بە ئارەزووی لایەنێک ببەخشرێت یان ببڕدرێت.



لە بەشێکی تری یاداشتەکەدا هاتووە، بڕینی قوتی مامۆستایان لەژێر هەر ناو و پاساوێکی سیاسی یان تەکنیکیدا، کارێکی نادادپەروەرانەیە و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم و عێراق دادەنرێت. ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێنە قوربانیی ململانێی بانکەکان و پڕۆژە سیاسییەکان، و ئەرکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە کە بژێوی ژیانیان بپارێزن نەک ببنە ئامراز بۆ فشارخستنە سەریان.


لە کۆتایی یاداشتەکەدا، داواکراوە بە زووترین کات بڕیاری بڕینی مووچەی ئەو مامۆستایانە هەڵبوەشێنرێتەوە و چیتر بژێوی ژیانی خەڵک و پرۆسەی پەروەردە تێکەڵی ململانێ و یارییە سیاسییەکان نەکرێت.

یاداشتێک لە ڕایەڵەی مامۆستایانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

بۆ بەڕێز: بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی
بابەت: ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕینی مووچەی مامۆستایان
بەڕێزان..

وەک ئاگادارن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی بڕینی مووچەی پۆلێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون مامەڵەی پڕۆژەی (هەژماری من) پڕ بکەنەوە. ئێمە لە ڕایەڵەی مامۆستایانی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافە پیشەییەکانی مامۆستایان، ئەم چەند خاڵە ڕادەگەیەنین:

* یەکەم: مووچە شایستەیەکی یاسایی و داراییە بەرامبەر بە ئەرک و ماندووبوونی مامۆستایان، نەک "خەڵات" یان "دیاری" کە بە ئارەزووی لایەنێک ببەخشرێت یان ببڕدرێت.
* دووەم: بڕینی قوتی مامۆستایان لەژێر هەر ناو و پاساوێکی سیاسی یان تەکنیکیدا بێت، کارێکی نادادپەروەرانەیە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم و عێراقە.
* سێیەم: مامۆستا و فەرمانبەر نابێت بکرێنە قوربانیی ململانێی بانکەکان و پڕۆژە سیاسییەکان. ئەرکی حکومەت و پەروەردەیە کە بژێوی ژیانی مامۆستا بپارێزن، نەک ببنە ئامراز بۆ فشارخستنە سەر شانیان.

داواکارین:
بە زووترین کات بڕیاری بڕینی مووچەی ئەو مامۆستایانە هەڵبوەشێنرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردرێن کە چیتر بژێوی ژیانی خەڵک و پرۆسەی پەروەردە تێکەڵی ململانێ و یارییە سیاسییەکان نەکەن.

ڕایەڵەی مامۆستایانی بزوتنەوەی گۆڕان
10/3/2026

131 جار خوێندراوەتەوە