عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای
ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند: ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی دابەشکردن و
هەڵوەشاندنەوەی ئێرانیان هەبووە، بەڵام پلانەکەیان سەری نەگرتووە.
روونیشیکردەوە: لەو چوارچێوەدا پەیوەندییان بە
هەندێک گروپی کوردییەوە کردووە و هانیان داون بۆ ئەوەی دژی حکومەت بکەونە جوڵە،
بەڵام کوردەکان دەزانن ئەمریکا لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە سوریا چ هەڵسوکەوتێکیان
هەبووە، هەربۆیە نەکەوتوونە داوی پلانەکانی ئەمریکا.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
ئێران ئەوەشی خستەڕوو، کە کوردەکان گەلێکی رەسەن و ریشەداری ئێرانن و رەنگە هەندێک
ناکۆکی و داواکارییان هەبێت، بەڵام بە بەڵێنەکانی ئەمریکا لە خشتە نەبران و
سیناریۆکەی ئەمریکا سەرینەگرت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا رایگەیاندبوو: "نامەوێت کورد بچنە نێو ئێران، ئێمە زۆر هاوڕێی کوردین
و نامەوێت ببینم کوردەکان ئازار دەچێژن و دەکوژرێن."
لە رۆژانی رابردوودا بڵاوکرایەوە سەرۆکی
ئەمریکا پەیوەندی بە بەشێک لە سەرکردە کوردەکانەوە کردووە و حزبەکانی رۆژهەڵاتیش
لە ئامادەکاری و چاوەڕوانیدان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بەشەی کوردستان.
585 جار خوێندراوەتەوە