ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دادەڕێژێت

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 08/03/2026
جیهان
+
-

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی ورددا ئاشکرای کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل گفتوگۆی جددییان کردووە بۆ ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو خاکی ئێران، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە قۆناغەکانی کۆتایی جەنگدا. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕێگریی ڕەها لە تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی وەسف دەکرێت.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران خاوەنی ٤٥٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی ٦٠٪، کە دەکرێت تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بگۆڕدرێت بۆ ئاستی چەک. چوار سەرچاوەی ئاگادار بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە کە واشنتن دوو بژاردەی سەرەکی تاوتوێ دەکات؛ یەکەمیان گواستنەوەی تەواوەتی ئەو ماددانە بۆ دەرەوەی ئێران، دووەمیان ناردنی تیمە تایبەتەکان هاوشانی زانایانی ئەتۆمی بۆ ناو دامەزراوەکان تا لەوێدا یۆرانیۆمەکە تێکەڵ و بێبایەخ بکرێت.


لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی بریفینگێکی کۆنگرێسدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ڕایگەیاندووە: "پێویستە کەسانێک بچن و ئەو ماددانە بهێنن." هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن" بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە کە ناردنی هێز بۆ ناو ئێران ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام تەنها بۆ "هۆکارێکی زۆر گرنگ" و لە کاتێکدا کە سوپای ئێران بەتەواوی پەککەوتبێت.


ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەسفەهان، فۆردۆ و ناتانز، بووەتە هۆی داڕمانی دەروازەکان و کۆگا ئەتۆمییەکان لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، بەجۆرێک خودی ئێرانییەکانیش لە ئێستادا ناتوانن دەستیان پێیان بگات. جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارک"یش کردووە، کە ناوەندی هەناردەکردنی ٩٠٪ی نەوتی ئێرانییە و شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتە دەژمێردرێت.

209 جار خوێندراوەتەوە