دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران
خۆی بەدەستەوەداوە و چیتر ملهوڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و بەمنزیکانە گورزی
یەکلاکەرەوەی لێدەدرێت.
دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد و رایگەیاند، چیتر
هێرش ناکەنە سەر ئەو وڵاتانە گەر بێت و لەوێوە هێرشیان نەکرێتەسەر، دۆناڵد ترەمپ لەو
بارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند،
کۆماری ئیسلامی ئێران چیتر ملهوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و لەبەردەم
دراوسێکانیدا چۆکی داداوە.
باسی لەوەشکرد، هەموو ئەوانە لە ئەنجامی گورزە
کاریگەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتوونەدی و تاران کە پێشتر بە دوای زاڵبوون بوو
بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئێستادا خۆی بە چڕی کەوتووەتە بەر پەلامار و
بە درێژایی هەزاران ساڵ ئەمە جاری یەکەمە ئێران لەبەرامبەر دراوسێکانیدا بیدۆڕێنێت
و ببێتە دۆڕاوی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ هۆشداری بە بەرپرسانی ئێراندا کە ئەم
دۆخە دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت، مەگەر ئەوەی بەتەواوەتی خۆیان
بەدەستەوە بدەن، بەپێچەوانەوە دواجار رووبەڕووی هەڵوەشانەوە دەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ترەمپ بە
ئاماژەدان بەوەی گورزی یەکلاکەرەوە لە ئێران دەوەشێندرێت، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە
هەندێک ناوچە و تاقم کە پێشتر نەکرابوونە ئامانج، لەمەودوا دەخرێنە پلانەوە و
بەتەواوەتی لەناودەبرێن، بێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
38 جار خوێندراوەتەوە