ترەمپ خەونی کوڕەکەی شای ئێرانی لە گۆڕنا.. بۆ سەرۆکایەتی وڵات نابێت

KNN : Kurdish News Network
09:03 - 04/03/2026
کوردستان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، باشتروایە سەرکردەی داهاتووی ئێران کەسایەتییەکی ناوخۆی ڕژێمەکەی ئێستا بێت، نەک ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئەو وڵاتە کە ئێستا لە تاراوگەیە.


ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هات، کە لەگەڵ فریدریچ مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سازی کردبوو.


کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پەهلەوی بژاردەیەکی گونجاوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئێران، ترەمپ وتی: "هەندێک کەس ئەویان خۆش دەوێت، بەڵام ئێمە زۆر بیرمان لەوە نەکردووەتەوە. بە بڕوای من کەسێک لەناوخۆی وڵات بێت، ڕەنگە گونجاوتر بێت." هەروەها ئاماژەی


بەوەش کرد کە هەرچەندە پەهلەوی کەسێکی "زۆر باشە"، بەڵام پێویستیان بە کەسێکە کە لە ناوخۆدا جەماوەری بێت یان کەسایەتییەکی میانڕەوتر بێت.


لە لایەکی دیکەوە، فریدریچ مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە وڵاتەکەی بەشداری هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران نەبووە، بەڵام لەگەڵ واشنتن هاوڕان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاران و ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەمریکا هاوڕاین لەسەر دوورخستنەوەی ئەم ڕژێمە ترسناکەی تاران." مێرز ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشە سەربازییەکان ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو "یارییە وێرانکەرەی" کە ڕژێمە لاوازەکەی تاران دەیکات.

600 جار خوێندراوەتەوە