ئیلهام ئەحمەد: ١٨٠ هەزار کورد ئاوارە کراون و کار بۆ جێگیرکردنی مافەکانمان لە دەستووری سووریادا دەکەین

KNN : Kurdish News Network
08:35 - 25/02/2026
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ لە میانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەوروپادا، ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ڕەوشی سووریا و پرسی کورد هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە نزیکەی ١٨٠ هەزار کورد ئاوارە کراون. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ گرەنتییەک نییە بۆ مسۆگەرکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا.

 

ناوبراو لەبەردەم پەرلەمانتارانی ئەوروپادا ڕەخنەی لە لاوازیی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە "پێویست بوو جیهان پشتیوان بووایە تاوەکو گەلی سووریا دەبێتە خاوەن مافی خۆی." هەروەها ئەو ڕووداو و هێرشانەی ئەم دواییەی بە "هێرشێک دژی دیموکراسی" وەسف کرد.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد باسی لە هەوڵە سیاسییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێو دانوستانداین، بەڵام زمانی دژایەتیکردن لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکوومەتی کاتییەوە هێشتا بەردەوامە."

 

سەبارەت بە ئاییندەی سیاسیی سووریا و ڕۆڵی کورد لە قۆناغی داهاتوودا، ئەو سەرکردە کوردە دووپاتی کردەوە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا. هەروەها پێداگریشی کرد کە "بەشداریکردنی کورد لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا زۆر گرنگە" و بەبێ بوونی پێکهاتەکان پڕۆسەی سیاسی سەرکەوتوو نابێت.

122 جار خوێندراوەتەوە