ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەکەن

KNN : Kurdish News Network
08:36 - 23/02/2026
کوردستان
+
-

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی شوبات، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی کورد و پێشهاتەکانی ناوچەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەبچێت.

بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕێکخراوە و تێیدا دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا دەخرێتە بەرباس. شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتووە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر و رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکەن.

کۆبوونەوەکە لەژێر ناونیشانی "کورد و تورکیا" بەڕێوەدەچێت و تێیدا پێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا، و بەتایبەتی قۆناغی ئێستا تاوتوێ دەکرێت. هاوکات یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی هێرشەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و پێشخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە ئیلهام ئەحمەد و میتحەت سنجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، وتار پێشکەش بکەن.

جێی ئاماژەیە، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سپینێلی (Spinelli)ـی سەر بە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسل، لە نێوان کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ١٧:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی بەڕێوەدەچێت.

267 جار خوێندراوەتەوە