ڕۆژی دووشەممە لە پیرمام، مەسعوود بارزانی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و عێراق کرا و تیشک خرایە سەر ئەم خاڵە سەرەکییانەی خوارەوە:
تۆم باراک پێزانینی بۆ ڕۆڵی مەسعوود بارزانی هەبوو لە ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ و هێورکردنەوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، هەروەها پشتیوانی بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی.
جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق کرایەوە، بەو پێیەی ئەمریکا خوازیارە پەیوەندی و هاوبەشییەکی بەهێزی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
مەسعوود بارزانی دووپاتی کردەوە کە بەرەوپێشچوونی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و پرەنسیپەکانی فیدراڵیزم، هاوبەشی، سازان، و هاوسەنگی. هەروەها داوایکرد حکوومەتی داهاتوو یاسا گرنگەکانی وەک نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ دەربکات.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند کە دەبێت بەربژێرەکە دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت. لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانیش، ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی بەربژێرەکە دیاری دەکەن، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کەسەکە پابەندی دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی بێت.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، هەردوولا هیوایان خواست سەرجەم کێشەکانی ناوچەکە بە ئاشتی و دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن.
226 جار خوێندراوەتەوە