مەزڵووم عەبدی: گفتوگۆمان لەگەڵ دیمەشق دەستپێکردووە بۆ فەرمیکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا

KNN : Kurdish News Network
06:26 - 21/02/2026
کوردستان
+
-

 فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، وەرچەرخانێکی نوێی لە پرسی خوێندنی زمانی کوردی لە سووریا ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە هەنگاوی ڕژد نراوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا وەک زمانێکی نەتەوەیی و فەرمی بناسرێت.

 

هەواڵ: KNN


مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند؛ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆی گرنگیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی سووریا ئەنجام داوە. ئامانجی گفتوگۆکان جێگیرکردنی زمانی کوردییە لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردییەکاندا، بە جۆرێک کە خوێندن بە زمانی کوردی ببێتە فەرمی و لە وەزارەتی پەروەردەدا بچەسپێنرێت.

 

عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای "مەرسوومی ژمارە 13"ـی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا دەبێت، کە وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی وەسفی کرد.

 


فەرماندەی گشتیی هەسەدە تیشکی خستە سەر جیاوازیی نێوان ڕابردوو و ئێستا؛ ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا زمانی کوردی ڕووبەڕووی "سیاسەتی تواندنەوە" ببووەوە و فێربوونی دەبووە هۆی دەستگیرکردن، بەڵام ئێستا بەهۆی تێکۆشانی 14 ساڵی ڕابردوو، هەزاران قوتابی بە زمانی دایک دەخوێنن و گەیشتوونەتە ئاستی زانکۆ. عەبدی "شۆڕشی ڕۆژئاوا"ی بە دەرفەتێکی زێڕین ناو برد بۆ ڕزگارکردنی زمانی کوردی لە مەترسی لەناوچوون.

 


لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی دوو داواکاری ئاراستەی کۆمەڵگە کرد:

 

بۆ خێزانەکان: منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان و بایەخی تەواو بە فێربوونی زمانی دایک بدەن.

 

بۆ زمانناسان و ئەکادیمیان: کار لەسەر "ستانداردکردن" و پەرەپێدانی زانستیی زمانی کوردی بکەن تاوەکو زمانەکە بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و هاوچەرختر.
ئەم پەیامەی فەرماندەی هەسەدە لە کاتێکدایە کە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێک بووە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا، و وا دیارە دەستپێکردنی ئەم گفتوگۆیانە ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەکاتەوە

91 جار خوێندراوەتەوە