تاڵیبان یاسایەکی دەرکرد ڕێگا بە پیاوان دەدات بۆ تەمبێکردن لە ژن و منداڵەکانیان بدەن بەمەرجێک ئێسکیان نەشکێنن

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 21/02/2026
جیهان
+
-

تاڵیبان یاسایەکی نوێ دەردەکات  ڕێگا بە پیاوان دەدات بۆ تەمبێکردن لە ژن و منداڵەکانیان بدەن بەمەرجێک ئێسکیان نەشکێنن و هەرکەسێکیش گاڵتە بە یاساکە بکات زیندانیی دەکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان یاسایەکی سزادانی نوێی لە 60 پەڕەدا ڕاگەیاند، کە تێیدا توندوتیژی پیاوان بەرامبەر بە هاوسەر و منداڵەکانیان لە چوارچێوەی "سزای تەمبێکردن"دا شەرعیەتی پێ دەدرێت و چیتر وەک تاوانێکی جینائی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

بەپێی ئەو کۆپییەی دەست ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی بەریتانی کەوتووە و لەلایەن "هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە" ڕێبەری باڵای تاڵیبانەوە واژۆ کراوە، پیاوان ڕێگەیان پێ دەدرێت توندوتیژی بەرامبەر ژن و منداڵەکانیان بەکاربهێنن، بەو مەرجەی لێدانەکە نەبێتە هۆی "شکانی ئێسقان یان برینی کراوە".

ڕۆژنامەکە دەڵێت یاساکە چەند مەرجێکی بۆ سکاڵاکردن داناوە کە گەیشتن بە دادپەروەری مەحاڵ دەکات؛ چونکە پێویستە ژنی قوربانی لەبەردەم دادوەرێکی پیاودا برینەکانی نیشان بدات، ئەویش لەکاتێکدا کە دەبێت بە تەواوی داپۆشراو بێت و لەلایەن "سەرپەرشتیارێکی نێر"ەوە هاوسەر یاخود برا یان باوک هاوڕێیەتی بکرێت، کە زۆرجار خودی ئەو کەسەیە توندوتیژییەکەی ئەنجام داوە.

لە یاساکەدا هاتوە هەر ژنێک بەهۆی توندوتیژییەوە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و پەنا بباتە بەر ماڵی باوکی، ڕووبەڕووی 3 مانگ زیندانی دەبێتەوە و هەر کەسێک و خێزانێک پەنای ئەو ژنە بدەن، بە هەمان شێوە سزا دەدرێن.
یاساکە سێکتەری پەروەردەشی گرتوەتەوە و ڕێگە بە مامۆستایان دەدرێت لە قوتابیان بدەن، بە مەرجێک  برینەکە زۆر قووڵ بێت.

لە کۆتایی یاساکەدا هاتوە هەرکەسێک گاڵتە بە بە بڕیارەکانی تاڵیبان یان ڕەخنە لە سەکردەکان بگرێت سزای 2 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

103 جار خوێندراوەتەوە