ئۆجالان بۆ تورکیا: ئەگەر دەست لە کۆمەڵکوژکردنی کورد هەڵنەگرن لە ئاشتیی دەکشێمەوە

KNN : Kurdish News Network
12:02 - 21/02/2026
کوردستان
+
-

غەریب حەسۆ دەڵێت لەکاتی گرژییەکانی ڕۆژئاوادا شاندێکی باکور پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالانی هێناوە کە بە تورکیای وتوە ئێوە لە تورکیا شتێکتان دەوێت و لە سوریاش شتیکی دیکە، ئەگەر دەست لە کۆمەڵکوژی کورد هەڵنەگرن من واز لە پڕۆسەی ئاشتی دەهێنم و قەندیل و کورد هەرچی دەکەن با بیکەن.


هەواڵ:KNNC


غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، لە 25 ی کانوونی دووهەمی 2026 شاندێک لە تورکیاوە بەبێ ئاگاداریی لە دەروازەی سنووری نسێبینەوە هاتنە قامیشلۆ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆبوونەوە.


سەرکردەکەی ڕۆژئاوا ئاماژەی بەوەدا، "ئەو شاندە بە نوێنەرایەتی ئیمراڵی، حکومەت و ئاساییشەوە هاتبوون، شاندێکی هاوبەش بوون، نامەیەکی ڕێبەری زیندانیکراوی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانیان لە گەڵ خۆیان هێنابوو، ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی خۆی نیشاندابوو. بە لایەنی تورکی گوتبوو: 'ئێوە گەلی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکەنەوە. ئێوە گەلی کورد بەرەو قڕکردن دەبەن. ئێمە لێرە پرۆسەیەکی ئاشتیمان دەستپێکردووە، من پێشەنگایەتی ئاشتی دەکەم. ئێمە دەمانەوێت ئارامی بەرقەرار بێت. چونکە ئەم پرۆسەی ئاشتییە گرێدراوی هەم سووریا و هەم تورکیایە. وڵاتێکی سێیەم بوونی نییە. ئەگەر لە سووریا و تورکیا چارەسەری بەدی بێت، ئەمە دەبێتە هۆی چارەسەرییەکی گەورە لە هەموو ناوچەکە. ئێوە هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا بوونتان هەیە. لە تورکیا باسی شتێک دەکەن، بەڵام لە سووریا باسی شتێکی تر دەکەن. ئەگەر بەم شێوەیە  بەردەوام بن، من لە پرۆسەکە دەکشێمەوە. ئیتر تەڤگەری پەکەکە و گەلی کورد چی دەکەن، کاری ئەوانە. بەڵام من وازی لێدەهێنم."

غەریب حەسۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی، کە ئەم دۆخە بۆ تورکیاش مەترسییدار بوو، ڕاگرتنی پرۆسەکە دەبووە مەترسییەکی گەورە بۆ تورکیا و لەسەر ئەو بنەمایەش ڕێگەی بە شاندەکەدابوو بێنە قامیشلۆ


بەپێی قسەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە پێش هاتنەوە ناوەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ پرسەکە ئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع سەپاندبووی، گۆڕانکاریی پەسەند نەدەکرد، هەروەها قبوڵی نەدەکرد کە ئێمە شتێکی پێ زیاد بکەین، دەیگوت: "دەبێت هێزە سەربازییەکان خویان ڕادەست بکەن، دەبێت هێزەکانی ئاساییش خۆیان ڕادەست بکەن. دەیوت کورد دەتوانن لە هەفتەیەکدا ٢کاتژمێر بە زمانی خۆیان بخوێنن. وەک وانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی، ئێمە داواکارییمان زیاتر لەوە بوو، بەڵام ئەوان ڕەتیان دەکردەوە، هەر دوای دەستوەردانی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بەرپرسانی باڵای لایەنەکانی باشوری کوردستان، ڕۆژهەڵات و باکور، بووە هۆی ئەوەی کە داواکارییەکانمان پەسەند بکرێت و هەردوولا ڕێککەوتن بکەن...

370 جار خوێندراوەتەوە