KNK پیرۆزبایی لە ڕێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان و جڤاتی نیشتمانی دەکات

KNN : Kurdish News Network
03:25 - 20/02/2026
کوردستان
+
-

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە ڕێگەی بروسکەیەکی فەرمییەوە، پیرۆزبایی لە دانا ئەحمەد مەجید کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ڕێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە بروسکەکەدا کە ئاڕاستەی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی نوێی جڤاتی نیشتمانی کراوە، KNK وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەرکەوتنی کۆنفڕانسی ناوخۆیی بزووتنەوەکە، جەختی لە گرنگی مێژووی خەباتی بزووتنەوەی گۆڕان کردووەتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە هیوادارن ئەم گۆڕانکاری و متمانە نوێیە ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی کاریگەرتر بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد و بەهێزکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی. لە کۆتایی پەیامەکەدا، هیوا بۆ سەرکەوتنی سەرکردایەتی نوێی گۆڕان خواستراوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و نەتەوەیییەکانیاندا.


بروسکەی پیرۆزبایی

بەڕێز / کاک دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان
بەڕێزان ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان

سڵاوێکی گەرم
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنفڕانس و هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکەتان، بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرە دڵسۆزەکانتان دەکەین.

هەروەک چۆن لە ڕابردوودا خەباتی ڕزگاریخوازی بزووتنەوەی گۆڕان مێژووی پڕ لە سەروەری بۆ گەل و نەتەوەکەمان تۆمار کردووە، ئومێدیشمان هەیە بەخشینی ئەم متمانە نوێیە ببێتە هەوێنێک بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات و پەرەپێدانی پەیوەندییە نەتەوەیییەکان لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)

101 جار خوێندراوەتەوە