دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،
دوایین هۆشداریی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە تەنها ١٠ ڕۆژ لەبەردەم
تاراندا ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسێی ئەتۆمی و ناوچەیی، ئەگەرنا واشنتۆن بڕیاری
کۆتایی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دەدات.
هەواڵ: KNN
لە کۆبوونەوەی "بۆردی ئاشتی" کە ئەمڕۆ
پێنجشەممە بەڕێوەچوو، سەرۆک ترەمپ جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی
چەکی ئەتۆمی. ترەمپ وتی: "لەم ١٠ ڕۆژەدا ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان یان
بژاردەی سەربازی یەکلا دەبێتەوە. ئێران دەبێت ڕێککەوتنێکی مانادار بکات بۆ ئەوەی لە
ڕووداوی خراپ بەدوور بێت."
ئەم هەڕەشانەی کۆشکی سپی هاوکاتە لەگەڵ جووڵەیەکی
فراوانی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەرپرسانی
باڵای پنتاگۆن بە سەرۆکیان ڕاگەیاندووە کە سوپا لە تەواوی ئامادەباشیدایە و دەتوانێت
هەر لەم کۆتایی هەفتەیەوە گورزی سەربازی بوەشێنێت.
لە لایەکی ترەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا،
ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی جنێڤ گەیشتوونەتە بنبەست، چونکە تاران
هێشتا داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات.
ئیدارەی ترەمپ سێ هێڵی سووری بۆ ئێران دیاری
کردووە کە دەبێت لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا جێگیر بکرێن:
ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم و
سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە.
داخستنی دۆسێی مووشەکە بالیستییەکان و
سنووردارکردنی مەوداکانیان.
کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردنی گروپە چەکدارەکان لە
وڵاتانی ناوچەکە.
ئەم وتAنەی
تڕەمپ لە کاتێکدایە هاوشان لەگەڵ هاتنی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، سوپای ئێرانیش مانۆڕێکی سەربازیی
فراوانی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە و هۆشداریی داوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی،
بە وەڵامێکی "وێرانکەر" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتایی
دێت.
171 جار خوێندراوەتەوە