مەکتەبی سیاسیی
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە (دانا ئەحمەد
مەجید) کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک ڕێکخەری گشتیی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان و هیوای سەرکەوتنی
بۆ خۆی و سەرکردایەتی نوێی بزوتنەوەکە خواست.
هەواڵ: KNN
لە پەیامەکەدا،
پارتی سۆسیال دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە هەرێمی
کوردستان لە "دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی" دایە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی
کارەکانی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەمەش زیانی ڕاستەوخۆی
بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان گەیاندووە.
وەک ڕێگەچارەیەک
بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژانە، مەکتەبی سیاسیی سۆسیال دیموکرات جەختی لە پێویستی
"یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی" هێزە سیاسییەکان کردووەتەوە. هەروەها پێشنیازی
دروستکردنی "ئەنجومەنێکی باڵای هێز و لایەنە سیاسییەکان"ی کردووە، بە مەبەستی
دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان
دەقی پەیامەکەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
بەڕێز/ کاک
دانا ئەحمەد مەجید - ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
سڵاو و ڕێز...
بەبۆنەی هەڵبژاردنتان
بە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزتان و ئەندامانی هەڵبژێردراوی
سەرکردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەکەتان دەکەین، هیوای سەرکەوتن و
بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەتان
لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی چەقبەستوی سیاسیدایە، کە بووەتە هۆی پەکخستنی
کارەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەوەش زیان بە میللەتەکەمان و
بەرژەوەندییە باڵاکانی دەگەیەنێت، بۆیە لە هەموو کات پێویستیمان بە یەکدەنگی و یەک
هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان هەیە لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکی باڵای هێزە لایەنە سیاسییەکان
بە ئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و باشتر داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ ڕێزماندا
مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیال دیموکراتی
کوردستان
١٨ - ٢ - ٢٠٢٦
145 جار خوێندراوەتەوە