سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ئاشکرای دەکات، نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیاریداوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکشێتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، بڕیاری کشانەوەکەی مالیکی دوای کۆبوونەوەیەک دێت لەگەڵ جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. لەو دانیشتنەدا پەیامێکی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیەندراوەتە مالیکی.
ناوەڕۆکی پەیامەکەی ترەمپ هۆشدارییەکی توندی تێدابووە بەوەی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستوەردان لە رێڕەوی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ناکات، بەڵام ئەگەر مالیکی سوور بێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوا واشنتن بایکۆتی حکومەتەکەی دەکات".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مالیکی لە میانی گفتوگۆ ناوخۆییەکاندا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان)، رایگەیاندووە بڕیارەکەی بۆ "دوورخستنەوەی وڵاتە لە گرژیی زیاتر و ڕێگریکردنە لە ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و ئابووری".
مالیکی جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە پاشەکشە نییە لە هەڵوێستە سیاسییەکانی، بەڵکو بۆ "پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانییە" بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکرێت بۆ ڕێککەوتنێکی فراوانتر.
دوای ئەم پێشهاتە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی کردووە بە تاوتوێکردنی ناوی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنەکان بێت و ڕێگە لە بۆشایی دەستووری بگرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی هەڵوێستی فەرمی.
55 جار خوێندراوەتەوە