ژوری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان لە لەندەن لۆبی بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:11 - 28/01/2026
کوردستان
+
-

لە چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکانیاندا بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانی گەلی کورد، وەفدێکی ژووری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا (Westminster) کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ناسراوی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.


لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە پەرلەمانتاران (جێرمی کۆربین، فەریال کلارک، و جۆن ماکدۆناڵ) و چەندین ئەندامی دیکەی پەرلەمان ئامادەی بوون، بە وردی تیشکخرایە سەر ڕەوشی نالەباری ڕۆژئاوای کوردستان. وەفدی ڕەوەندی کوردی ئەو مەترسییە گەورانەیان ڕوون کردەوە کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبنەوە و داوای هەڵوێستی جدییان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.


لای خۆیانەوە، پەرلەمانتارانی ئامادەبوو وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی ڕەوەندی کوردی، بەڵێنیاندا کە: لە ناو هۆڵی پەرلەمان: بە فەرمی "دۆسییەی کورد" و پرسی پاراستنی ڕۆژئاوا بوروژێنن و کار بکەن بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی بەریتانیا بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پاڵپشتی سیاسی بۆ ناوچەکە.


لە کۆتایی دیدارەکەدا، پەرلەمانتارانی بەریتانیا جەختیان لە گرنگی "فشاری جەماوەری" کردەوە و ڕێنمایی وەفدەکەیان کرد کە پێویستە ئەم جوڵە دیپلۆماسییە فراوانتر بکرێت و داوایان لە سەرجەم تاکەکانی ڕەوەندی کوردی کرد لە ڕێگەی نامە و پەیوەندییەوە فشاری زیاتر بخەنە سەر پەرلەمانتارانی ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو پرسی کورد ببێتە فشارێکی نیشتمانی لەسەر ئاستی بەریتانیا.


شاندەکەی ژووری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان جەختیان کردوە لەوەی کە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی دەنگی کورد بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان و کاردەکەن بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد لە جیهاندا.

81 جار خوێندراوەتەوە