هەسەدە: سەرباری ئاگربەست چەکدارانی دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلکاریی و گەمارۆدانی کۆبانێ

KNN : Kurdish News Network
04:44 - 22/01/2026
کوردستان
+
-

سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، چەکدارانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کۆبانی و زیندانی ئەقتان لە ڕەققە، هەسەدەش دەڵێت لەدوای ئاگربەستەوە دەیان جار گروپەکان ڕێککەوتنەکەیان شکاندوەو گەمارۆدانی کۆبانێش بەردەوامە.

هەواڵ:KNNC

هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی زیندانی ئەلئەقتان کە چەکدارانی داعشی تێدایە، ئەو کوتلانە جەرگەی شارۆچکەی سەرینیان کردە ئامانج و هێرشیان کردە سەر گوندی خروس لە باشووری کۆبانی، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تۆپخانە. هەروەها تەواوی لادێکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کۆبانی کەوتۆتە بەر تەقەی تۆپخانە و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە تۆپبارانەکە بەردەوامە.

ئەمەش پێشێلکردنی ئاگربەست بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک پێکدەهێنێت. هەروەها دوێنێ 22پێشێلکاری لەلایەن ئەو گروپانە ئەنجامدرا، لەوانە هێرشکردنە سەر کۆبانی و حەسەکە و زیندانی ئەقتان.

جگە لە هێرشە سەربازییەکان، دیمەشق لە سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵ بەردەوامە بە بڕینی ئاو و کارەبا بۆ شاری کۆبانی و ڕێگریکردن لە گەیاندنی سووتەمەنی لە نێوان بارودۆخی سەختی زستاندا، هاوکات بەردەوامە لە بڕینی ئاو بۆ زیندانی ئەقتان لە ڕەققە، کە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی زیندانییەکان دروست دەکات و پێشبینی دەرئەنجامە مرۆییە جدییەکان دەکات.

 

هەسەدە وتویەتی"ئێمە دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لەم پێشێلکارییە بەردەوامانە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی ناوچە دانیشتووەکان و دامەزراوە هەستیارەکان، لەوانەش ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی داعش، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری پێکدەهێنێت. هەروەها داوا لە دەوڵەتانی گەرەنتیکار دەکەین کە ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکاریانە و دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەوتنی ئاگربەست."

104 جار خوێندراوەتەوە