بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی ساردی بەفربارین و بارانی لێزمە دەکات بۆ سەرجەم ناوچەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە: بارانی بەخوڕ و هەورە تریشقە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە (١٣-١-٢٠٢٦) ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەور و باراناوی دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت خێرایی با زیاد بکات و هەورە تریشقە لەگەڵ دابارینەکەدا هەبێت. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت و بڕی بارانبارین لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بە جۆرێک لە هەندێک کاتدا دەبێتە بارانی مامناوەند و لێزمەباران.
سبەی چوارشەممە: بەفر دەگاتە سەنتەری شارەکان
کاریگەریی ئەم شەپۆلە سبەی چوارشەممە چڕتر دەبێتەوە. لەگەڵ گەیشتنی بارستە هەوایەکی سارد، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. مژدەی خۆش بۆ هاوڵاتییان ئەوەیە کە جگە لە ناوچە شاخاوییەکان، لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها لە ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین بەفر دەبارێت. پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەدا کۆتایی پێ بێت.
58 جار خوێندراوەتەوە