دوای شەش ساڵ ئەمەریکا یاسای قەیسەری سوریای هەڵگرت و بە چوونە بواری جێبەجێکردنیشی جیهان بەڕووی سوریادا دەکرێتەوە.
هەواڵ:KNNC
کۆنگرێسی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ یاسای قەیسەری سەر سوریای هەڵگرت و بە تێپەڕاندنی لە ئەنوجمەنی پیران جیهان بەڕووی سوریادا دەکرێتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی یاساکە مەرجدارکراوە بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتێکی سەرەتایی و تاچوار ساڵیش هەموو 180 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرت لەبارەی سوریاوە پێشکەشی کۆنگرێس بکات، هەروەها حکومەتی سوریاش دەبێت هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بگرێتەبەر، ڕێز لەمافی کەمینەکان بگرێتو بەهیچ شێوەیەک تاکلایەنە هێرشنەکاتەسەر وڵاتانی دراوسێ، ڕوبەڕوی سپیکردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆرو مادە هۆشبەرەکان ببێتەوەو ئەوانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردوە لەڕژێمی پێشوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.
هەر بەگوێرەی مەرجەکان، ئەگەر سوریا نەیتوانیی ئەو بەندانەی بۆی دانراوە جێبەجێبکات، دەکرێت یاسای قەیسەر دوبارە کارابکرێتەوە، چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو یاساکە لەئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێنرێتو دواتریش سەرۆکی ئەمریکا واژۆی دەکاتو یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە...
ئەمریکا بەیاساى قەیسەر، ڕێگری کردبوو لەوەی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی وڵاتانی جیهان لەبوارەکانی وزە و فڕۆکەوانیی، بیناسازیی و ئەندازیاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسوریادا کاربکات، هەربۆیە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لابردنی گەورەترین ئاستەنگییە لەبەردەم سوریا تا دووبارە تێکەڵ بەسیستمی بانکو ئابوریی جیهان ببێتەوەو وڵاتەکە ببوژێتەوە.
کۆنگرێسی ئەمریکا لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو لە11ی کانونی یەکەمی ساڵی 2019، یاسای قەیسەری پەسەندکرد بەئامانجی سزادانی بەرپرسانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر خەڵکانی سڤیل ئەنجامیاندەدا.
لەوبارەیەوە ئەسعيد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند: بڕیارەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا مێژوویی یە و کرانەوەیە بەڕووی گەلی سوریادا...
478 جار خوێندراوەتەوە