ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر راسپاردەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت و رێککەوتنی سێ قۆڵی
نێوان هەرێم و بەغدا وکۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بە
یەکلاکردنەوەی هەردو دۆسیەیەکە، ڕێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان خۆش بکات، کە تا ئێستا مووچەی مانگی 7 و 8یان وەرنەگرتوە.
هەواڵ: KNN
ئەمڕۆ سیشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە وپرسی رێکەوتنی سێ
قۆڵی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت و هەروەها راسپاردەکانی ئەنجومەنی
دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی تاوتوێی دەکات و چاوەڕواندەکرێت بڕیار لە مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
ماوەیەکە ئەنجومەنی دەوڵەت هەردو راپۆرتی ئامادەکراوی هەریەکە لە
هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەکات بۆ دیاریکردنی داهاتەکانی فیدراڵی و نافیدراڵی، بەڵام
ئەوەی کێشەیە لە نێوان هەرێم وبەغدا بڕی دیاریکراوی داهاتەکەیە.
بە پێێ زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن ئەو بۆچونەی ئەنجومەنی دەوڵەت
پەسەندی کردوە وبۆ ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراقی ناردوە، نزیکە لەو 100 ملیارەی کە هەرێم و بەغدا لەسەری گفتوگۆ دەکەن و
ئەگەر گۆڕانکاری تر رو نەدا ئەوە لە سەرەتای مانگی دە چاوەڕیی خەرجکردنی موچەی
مانگی 7 دەکریت.
کەی ئێن ئێن زانیوێتی کە بۆ قەرەبوکردنەوەی موچەی مانگەکانی پێشوش
هەرێم دو میکانیزمە لەبەردەستە: یەکەم هاوشێوەی کۆمپانیا بیانییەکان داوای نەوت لە
بەغدا بکات ودواتر لە بازاڕەکان بیفرۆشێتەوە وموچەی هاوڵاتیانی پێدابەش بکات و
دوەم؛ لەگەڵ ناردنی هەر موچەیەک، هەرێم داوای قەرەبوکردنەوەی موچەی مانگەکانی
پێشوی مووچەخۆران لە بەغدا بکات.
70 جار خوێندراوەتەوە