ڕاوێژکارێکی مەسعود بارزانی: ئەمەریکا متمانەی بە هێزە ئەمنییەکان نییە

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 16/09/2025
کوردستان
+
-



ڕاوێژکارێکی مەسعود بارزانی رایگەیاندوە؛  گرنگیدانی ئەمەریکا بە هێزەکانی پێشمەرگە و زیادکردنی هاوکارییە داراییەکان و لەبەرامبەردا کەمکردنەوەی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن دەگەرێتەوە لە بەغدا، کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق پەرشوبڵاون و خاوەنی یەک بڕیار نین.


هەواڵ:KNNC

کیفاح مەحمود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسعود بارزانی، بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"راگەیاندوە  گرنگیدانی ئەمەریکا بە هێزەکانی پێشمەرگە و زیادکردنی هاوکارییە داراییەکان، ڕەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ "بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن لە بەغدا بەهۆی فرە ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو هێزە ئەمنییەکان و هەژمونی گروپە چەکدارەکان.



ئەو راویژکارە ئاماژەی بەوەشکردوە؛ رەنگە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێم، پەیامێکی رون بێت لە لایەن واشنتۆنەوە بۆ عێراق و ئێرانییەکان، بەوەی کشانەوەی لە بەغداد ئاسایی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە  و  لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی نوێ لەگەڵ تاران.
 

ئەمە لە دوای ئەوە دیت لە ڕابردودا، ئەمەریکا بەشێکی زۆری هێزەکانی کساندەوە بۆ هەرێم و رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، بودجەی ساڵی داهاتوی بە زیاتر لە 960 ملیار دۆلار دیاری کرد و هاوکارییەکانیش هەریەکە لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدە و هێزە ئەمنییەکان لە خۆدەگرێت و بودجەی هێزەکانی پێشمەرگەش زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارە و بەراورد بە ساڵی 2025  نزیکەی پێنجملیۆن دۆلار زیادی کردوە.



دابەشکردنی بودجەکەش بۆ هێزی پێشمەرگە بەم شێوەیەیە، زیاتر لە  11 ملیۆن دۆلاری بۆ چەک، 5 ملیۆن و 321 هەزار دۆلاری بۆ تەقەمەنی، 27  ملیۆن و 507 هەزار دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی و  17 ملیۆن و 106 هەزار دۆلاری دیکەشی بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکەیە. 






94 جار خوێندراوەتەوە