سەرۆکی کۆمپانیای دەوڵەتی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) ڕۆژی
شەممە پشتڕاستی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە
کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە.
هەواڵ: KNN
عەلی نزار سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ لە لیدوانێکی
رۆژنامەوانیدا بە (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاند "رێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی
و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان میکانیزمی
وردی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دیاریکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، گەشبینین بەم ڕێککەوتنە و میکانیزمەکان،
هیوادارین بەردەوام بین لە هەناردنەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی
بۆری تورکیا-جەیهانەوە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی عێراقدایە و داهاتە داراییەکانی
زیاد دەکات.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی
نەوت پەیوەستە بە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتەوە.
ئەم لێدوانەی سۆرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ دوای ئەوەهات کە فوئاد
حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایکرد، "پێشکەوتنی بەرچاو لە
پرسی داهاتە نانەوتییەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی
کوردستان بەدیهاتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێدەچێت لێکتێگەیشتنێک "لەماوەی
چەند ڕۆژی داهاتوودا" بکرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت ئاماژەی بەوەشکرد"کێشەکە لەنێوان
حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییەکاندا نەبووە یان لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا
نەوتییەکاندا نەبووە، بەڵکو کێشەیەکی سێ قۆڵییە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەر بۆ
ئەم بابەتە دەبینین".
749 جار خوێندراوەتەوە