دەزگای هەواڵگری
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە: ئەوەی بەناوی سوپای نوێی
سوریا ناسراوە هاوپەیمانییەكی فشۆڵی گروپە توندەڕەوەكانە و" تەحریرى شام و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت" دەشڵیت ئەمریكا هەڵوێستی
گۆڕاوە لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو ئەو سوپایە
هەواڵ: KNNC
دەزگای هەواڵگری وەزارەتی
بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ڕاپۆڕتێکیدا کە بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ئامادەکراوە، ئاشکرایکردووە: ئەوەی
بەناوی سوپای نوێی سوریای سەر بە حکومەتی راگوزەر ناودەبرێت، خاوەن پەیكەرێكی رێکخراوەیی
یەکگرتوو نییەو پشت بە هاوپەیمانییەکی فشۆڵ و پارچەپارچە دەبەستێت، کە سەرکردەکانی
دەستەی تەحریری شام كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی
سوننە لەخۆدەگرێت.
راپۆرتەکە دەریخستووە،
ئەو گروپانەی کە واشنتۆن بە مەترسیدار ریزبەندی كردوون، وەک رێکخراوی (حراس الدین)،
هەژمونێكی بەرچاوی لە دیمەشق بەدەستهێناوەتەوە، سەرەڕای بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی،
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد.
ئەم
گروپانە تائێستا كاریگەرییان هەیە لە لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر، سەرەڕای
ناکۆکییەکانی پێشوییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام.
راپۆرتە ، كە بەشێوەیەكی
وردو تێروتەسەل ئامادەكراوەو نزیکەی (٧٠) لاپەڕەیە، ئاماژە بەوە دەکات: پنتاگۆن بە
وریاییەوە لە فراوانبونی دەسەڵاتەکانی حکومەتی راگوزەر یان زیادکردنی سەرچاوەکانی
روانیویەتی.
راشیگەیاندووە: پێدەچێت
ئەم دۆخە هەژمونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهێزتر
بکات و سەربەخۆیی زیاتریان پێببەخشێت لە جاران.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ گۆڕانکاری
لە هەڵوێستی ئەمریکا دەكات، لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
لەگەڵ دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی پاراستنی لە هەڕەشەکانی تورکیا، جەختیش دەکاتەوە،
هێشتنەوەیان خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەيی ئەمریکا دەکات.
رونیشكردووەتەوە: ئیسرائیل
مەیلی بەرەو فراوانکردنی ناوچەی پارێزراوی هەیە لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریا، رەنگە
بەشێک لە باشوری سوریاش کۆنترۆڵ بكات، كە ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەخت نزیک دەکاتەوە.
راپۆرتەکە، نیگەرانییەکانی
ناو کۆنگرێسی سەبارەت بە هەرچەشنە سوککردنێكی سزاکانی سەر دیمەشق وروژاندووە، ئەمەش
وایکردووە بۆ ئیدارەی ئەمریکا قورس بێت بۆ نوێكردنەوەی لێخۆشبونەكان یان رێگەدان بە
جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئابوری، کە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە لەگەڵ
هەندێک وڵات واژۆ کراوە.
راپۆرتەكە، کە لەلایەن
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆرە"وە بڵاوکراوەتەوە: ئاشکرایکردووە، هەندێک لە شوێنکەوتوانی
رێکخراوی (حراس الدین) بەدوای هەژموندا دەگەڕێن لەناو حکومەتی نوێی دیمەشقدا.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی
بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا، گروپەکانی پەیوەست بە قاعیدە بە جۆرێك
لە سەربەخۆیی كاردەكەن لەژێر چاودێری دەستەی تەحریر شام و درێژە بە چالاکییەکانیان
دەدەن، ئەوەش ئازادیی هاتوچۆ بە چەكدارانی پێشوی (حراس الدین) داوەو توانای پێداون
کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر لە سوریا هەبێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە
بەوە کراوە، هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کە ئەم
گروپە دامەزراوە، لە دەیان چەكداری (حراس الدین) کوشتووە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
هەرچەندە ئەو گروپە
دوای هاتنە سەرکاری شەرع لە دیمەشق لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا هەڵوەشاندنەوەی
خۆیان راگەیاند، بەڵام سەرجەم ئەندامەکانی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی
نوێی سوریا ماونەتەوە، ئەوەش دواى نزیکەی حەوت مانگ لە رووخانی رژێمی سوریا.
راپۆرتەکەدا جەختی لە
بەردەوامی نیگەرانییەکانی واشنتۆن کردووەتەوە سەبارەت بە بازنەی ناوەوەی شەرع ، تەنانەت
لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە سوریاو عێراق کەم دەکاتەوە.
1044 جار خوێندراوەتەوە