دوای تەواو بونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سودانی هەفتەیەکی دیکەی مۆڵەت داوەتە لیژنەکان
هەر وەک چۆن پێشتر دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ئاشکرای کردبو کە کاری هیچکام لە لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی داهات و بەرهەمهێنانی نەوت و زیانی درۆنەکان تەواو نەبوە، محەمەد شیاع سودانی مۆڵەتی هەفتەیەکی دیکەی بۆ لیژنەکە درێژکردوە و داوای کرد تا کۆبونەوەی هەفتەی داهاتی ئەنجومەنی وەزیران کاری لیژنەکان تەواو بکرێت.
بڕیار نامیق، لە دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن زانیویەتی، بە تەواو بونی کاری لیژنەکان لە هەفتەی داهاتو، چارەنوسی موچەکانی مانگی 6 و 7یش یەکلا دەبێتەوە.
پێشتریش دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ئەوەی ئاشکراکردبو کە دواکەوتنی کارەکانی لەو لیژنەیە هۆکاری دواکەوتنی وەڵامی بەغداد بوە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کاتێک رۆژی پێنجشەممەی رابردو هەرێم نامەیەکی ئاڕاستەی سودانی کردوە و ئامادەیی نیشانداوە بە رادەستکردنی 120 هەزار بەرمیل نەوت، کە 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێم و 70 هەزاریشی بۆ بەغداد، جگە لە ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، بەوپێیەش ئەگەر وەڵامە تا ئەوکاتە تەواو بێت و سودانی رەزامەندی دەرببڕێت، دابەشکردنی موچەی مانگی شەش لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا دەبێت.
سلێمانی – بڕیار نامیق
134 جار خوێندراوەتەوە