بەغداد؛ لە روبەروبونەوەی گروپێک چەکدار 9 کارمەندو ئەفسەری پۆلیس بریندار بون

KNN : Kurdish News Network
04:43 - 27/07/2025
عێراق
+
-

 لەناوچەی سەیدیە لە بەغداد شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان حەش.دی ش.ەعبی و هێزە ئەمنیەکان رویداوەو ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنیەکان بریندارن

 

شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە و ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندارن.

ئەمرۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025،   لە گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە.

بە پێی زانیاریەکان  شەڕەکە لە سەر بەرپرسیاریەتێکی بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵ بوە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لەسەر شەڕو پێکدادانەکان وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوەو دەڵیت: گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و تەقەیان کردووە. 

لەراگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێڕاقدا هاتوە  کە  "ئەمڕۆ  لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای فەرمانبەران دروستکرد کە دەستبەجێ داوای هاوکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد."

وەزارەتی ناوخۆی عێراق  ڕونیشیدەکاتەوە " پاش گەیشتنی پۆلیسی فیدراڵی بۆ شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."

بە پێی زانیاریە بڵاوکراوەکانی میدیا عێراقیەکان ، شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبارەی ناکۆکی لەسەر پۆستێکی ئیداری لە بەغداد بوە.

هەر بەپێی زانیاریەکان،   کاتێک بەرپرسێکی  نوێ بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانی لە یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە دەکەوێتە باشووری بەغدا چووەتە سەرکار، بەڕێوەبەری پێشوو کە هاوکات سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبیە ڕەتیکردەوە ئەو پۆستە ڕادەست بکات، ئەمەش وایکرد بەرپرسی پێشو داوای هاوکاری لە گروپێکی چەکداری سەر بە خۆی بکات وگەمارۆی بەرێوبەرایتیەکایان داوە تا ساتی هاتنی هێزەئەمنیەکان و دروستبونی شەڕ لە نێوانیاندا.

  لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، "هێزە ئەمنییەکان توانیان 5 لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە،  هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئۆپڕاسێۆنی ئەمنی چڕوپڕیان لە ناوچەکە دەستپێکردوە.

188 جار خوێندراوەتەوە