لە دوای دەستپێشخەرییەکانی لی جای میونگ، سەرۆکی
نوێ و لیبڕاڵی کۆریای باشور بۆ ئاشتەوای لەگەڵ کۆریای باکوردا، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی
سەرۆکی کۆریای باکور ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ بەرژەوەندییەکی لە سیاسەت و پێشنیارەکانی
ئاشتەوایی کۆریای باشوردا نییە.
هەواڵ:KNNC
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم ئۆن جۆن و بەرپرسی باڵای پارتی دەسەڵاتداری کۆریای باکور کە بە وتەبێژی
نافەرمی سەرۆکی کۆریای باکوریش ناسراوە، رایگەیاند، ئەگەر کۆریای باشور چاوەڕێی ئەوە
بکات هەموودەرئەنجامەکانی کارەکانی بە چەند قسەیەکی سۆزداری بسڕێتەوە، ئەوە لە
گەورەترین هەڵەدایە.
کیم، لە لێدوانەکانیدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی
کۆریای باکور (KCNA)
بڵاویکردوەتەوە جەختی لەوە کردەوە؛ پابەندبونی
لی جای میونگ، سەرۆکی نوێی کۆریای باشور بە هاوپەیمانییەکی ئەمنی لەگەڵ ئەمەریکا،
ئەوە نیشان دەدات کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ سەرۆکی پێشو، کە کۆریای باکور وەک دوژمنی وڵاتەکەی سەیری دەکرد.
لی جای میونگ کە لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا، هاتە
سەر دەسەڵات دوای لادانی یۆن سوک یۆل سەرۆکی کۆنەپەرستی توندڕەو بەهۆی هەوڵێکی
شکستخواردوی بۆ ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی، لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات سوێندی خوارد
پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیۆنگ یانگ باشتر بکات، کە لە ساڵانی ڕابردودا پەیوەندییەکانی دوو وڵاتەکە گەیشتوەتە نزمترین
ئاستی، بە جۆرێک بەردەوام هەڕەشەیان لە
یەکتری دەکرد.
371 جار خوێندراوەتەوە