ژمارەیەک بەرپرس لەسەر ڕوداوی ئاگرەکەی شاری کوت دورخرانەوە

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 19/07/2025
عێراق
+
-

بەشێک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ئاگرەکەی شاری کوت لە پارێزگای واست تەواوبون، ژمارەیەک بەرپرسیش لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی سەرۆک وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و لایەنی کەمتەرخەمی ئاگرەکەی شاری کوت پێکهێنرا، ئاشکرایانکردووە، کەمتەرخەمیی زۆر لەلایەن بەشێک لە بەرپرسان و فەرمانبەران لە بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای واست بەدیکراوە، کە بووەتە هۆی گەورەتربونی قەبارەی کارەساتەکە.

راشیگەیاند، لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی 17 کارمەند و بەڕێوەبەر، بەشێوەیەکی کاتی، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەندرێت، کە لە ناویاندا بەڕێوەبەری ئاسایشی گەشتوگوزاری کوت، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەو شارەی تێدایە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکرد، بڕیار دراوە بە دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەر، کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتوگوزاری واست، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی واست و فەرماندەی کەرتی یەکەمی بەرگریی شارستانیی کوت.

 

میقداد میری دووپاتی کردەوە، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و دواتر بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.

189 جار خوێندراوەتەوە