ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل: لە شەڕی غەززەدا لانیکەم 18 هەزار و 500 سەربازی ئیسرائیل بریندار بون

KNN : Kurdish News Network
10:09 - 28/07/2025
جیهان
+
-


میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل  بڵاویانکردوەتەوە ، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 لانیکەم 18 هەزار و 500 سەرباز و هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل برینداربون، بەڵام سوپای وڵاتەکە دەڵێت؛ شەش هەزار و 145 سەرباز برینداربون و 895 سەربازی دیکەش کوژراون.

هەواڵ:KNNC

ڕۆژنامەی یەدعوت ئەحرەنوتـی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە،  بەشی چاکسازی وەزارەتی بەرگری پێشوازی لە 18 هەزار و 500 سەرباز و  کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی دیکە کردوە کە بریندار بون.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئیسرائیلی توشی نەخۆشییە دەرونییەکان بون، لەنێویاندا سێ هەزار و 679 کەسیان لە دوای شەڕەکەوە دوای توش بون بە  فشاری دەرونی داوای چارەسەریان کردوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها لە ساڵی 2024دا 9 هەزار سەرباز داواکارییان پێشکەشکردوە بۆ ئەوەی برینەکانی دەرونی بناسرێن، لەوانە دڵەڕاوکێ، تێکچونی خۆگونجاندن، نەخۆشی فشاری دوای کارەسات و خەمۆکی.

ئەمە جگە لەوەی لە دوای شەڕی غەززەوە خۆکوشتن لەناو سەربازەکانی ئیسرائیل زیادی کردوە و تا ئێستا نزیکەی 50 سەرباز کە بەشداری شەڕی غەززەیان کردوە خۆیان کوشتوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل، ئەو ئامارانە، ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت؛ تەنها شەش هەزار و 145 سەرباز برینداربون و 895 سەربازی دیکەش کوژراون.

ئە مە لە کاتێکدایە لە سەرەتای شەڕەی غەززەوە،  زیاتر لە 59 هەزار و 800 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بون.


172 جار خوێندراوەتەوە