دوای حەڤدە ساڵ سۆرانی مامە حەمە نەک لەبیر نەکراوە، بەڵکو لە دەرەوە وناوەی وڵاتیش یادی تیرۆرکردنی دەکرێتەوە ..

KNN : Kurdish News Network
06:21 - 21/07/2025
کوردستان
+
-



لەگەڵ ئەوەی ئیدانەی ئازاردان و پێشێلکارییەکانی سەر رۆژنامەنووسان کرا، ئەمڕۆ 21.7.2025، لە یادی حەڤدە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم ڕۆژنامەنووس، سۆرانی مامە حەمە لە کەرکوک، لە چەند ناوچەیەکی بەریتانیا مەراسیم رێکخرا.

 

هەواڵ:KNNC

 

بۆ یادکردنەوەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، کە هاوکات بو لەگەڵ ئەمڕۆدا، کوردانی تاراوگەش هاوشێوەی کوردستان، لە پێنج ناوچەی بەریتانیا مەڕاسیمیان بۆ یادی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە رێکخست

 

بۆ ئەوەی یادی ئەو تیرۆرە بکەنەوە و ئیدانەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەر رۆژنامەنووسان بکەن، ڕێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەریتانیا، مەراسیمی لەبەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە مانجستەر و لە شارەکانی بێرمینگهام، نیوکاسڵ و هەرێمی سکۆتلاندا لە شاری گلاسگۆ رێکخست.

 

ئاوات جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێکخراوی 17ی شوبات وتی، ئەوان لە کۆمەڵێک چالاکوان و کەسانی ئەکادیمی پێک دێن و نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی دەکەن، وە پێیان وایە، هێشتا ئەو دۆسیەیە لای ئەوان دانەخراوە، چونکە بکوژانی دەستگیرنەکراون. چیرۆکی سۆرانی مامە حەمە، هاوشێوەیە لەگەڵ چیرۆکەکانی تیرۆکردنی رۆژنامەنووسان، سەردەشت و کاوە و ویدات، کە تۆمەتبارانیان ئاشکرانەکراوە و نازانرێ کێن.

. بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێکخراوی 17ی شوبات وتیشی، دوای تێپەڕبوونی حەڤدە ساڵ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاری ڕاگەیاندن و ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە مەترسیدایە و ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکرێن و ئازار دەدەرێن بۆیە هەموو ئەو کارانە و پێشلکاریانە ئیدانە دەکەن

. ئەوە لە دۆخێکدا، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوو، دیسانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان پێشێلکاری کراو و دەستگیرکران، لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، هەروەها تەقەکردن و کوشتنی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر بەتایبەت لە شارەدێی وەرتێ.

61 جار خوێندراوەتەوە