لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا، شەڕ و پێکدادانی نێوان عەرەبە بەدەوییەکان و هۆزەکان لەگەڵ گرووپە دروزیەکاندا لە نزیک دەروازەی ڕۆژئاوای ناوەندی شار چڕبووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی دیمەشق لە پارێزگای سوەیدا لەگەڵ گروپە خۆجێییەکان ڕێککەوت و، ئێوارەی پێشو لە ناوچەکە کشایەوە، بەڵام بەهۆی بەزۆر دەرکردنی عەرەبە بەدەوییەکان لەلایەن گروپی حیکمەت هیجری، کە سەرکردەیەکی دروزییە و دژی ڕێککەوتنەکەیە، شەڕ و پێکدادانەکان دوبارە سەریانهەڵدایەوە.
ئێوارەی دوێنێ، عەرەبە بەدەوییەکان بە بەشداری سەدان جەنگاوەری دیکە لە هۆزە عەرەبەکان سوریا، توانیان چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبون لە دەست گروپی هیجری وەربگرنەوە و بگەنە دەروازەی ڕۆژئاوای ناوەندی شارەکە.
گروپە چەکدارەکانی دروزی لە دەوروبەری شارەکە کشانەوە و، لە ناوەندی سوەیدا هێڵی بەرگرییان پێکهێنا.
شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردولادا لە نزیک دەروازەی ڕۆژئاوای ناوەندی شارەکە درێژەی هەیە.
هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکانی سوەیدا ناکەن، بەڵام لەسەر ڕێگاوبانەکانی گەیشتن بە سوەیدا چالاکی کۆنترۆڵ و چاودێری ئەنجام دەدەن.
246 جار خوێندراوەتەوە