وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت،
هێزەکانیان دەستوەردانی راستەوخۆ دەکەن لە سویدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاگرتنی
پێکدادانەکان و سەپاندنی ئاسایش، ئاماژەیان بۆ کوژرانی دەیان کەس و برینداربونی
زیاتر لە 100 کەسی دیکەش کردوە.
هەواڵ:KNNC
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند،
هێزەکانیان "دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە سویدە (باشوری سوریا) بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
و ڕاگرتنی پێکدادانەکان و سەپاندنی ئاسایش" دەستپێدەکەن، دوای ئەو پێکدادانە
خوێناویانەی کە بەهۆیەوە دەیان کوژراو و نزیکەی 100 برینداری لێکەوتەوە.
هەروەها ئامادەیی تەواویان دوپاتکردوەتەوە بۆ پشتیوانی لە
هەر دەستپێشخەرییەک کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاشتی مەدەنی و چاندنی گیانی هاوڵاتیبون
بێت.
وەزارەتەکە بەڵێنیدا بەدواداچون بۆ روداوەکان دەکات و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن
لە ڕوداوەکان، دەدرێنە دادگا، تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە دوبارە نەبنەوە، هەوەها بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری
و چەسپاندنی سەروەری یاسا.
لە بەیاننامەکەدا، ئاماژەی بەوەشکراوە هێزی سەربازی زیاتریان ڕەوانەی
ناوچەکە کردوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و سەپاندنی ئاسایش.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی ئامارەسەرەتاییەکان، لانیکەم 30 کەس کوژراون و 100 کەسیش برینداربون، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری
لە نێوان گروپە سەربازییە ناوخۆییەکان و خێڵەکان لە گەڕەکی ئەلمەقوس لە شاری سویدە
کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە دروزەکانن.
289 جار خوێندراوەتەوە