دوای ساڵانێکی زۆر
بۆ یەکەمجار پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە، کۆبونەوەکە ماوەی سێ کاتژمێری
خایاند، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبو، پرسەکان هێڵدرانەوە بۆ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی
وەزیران کە بڕیارە سبەینێ سێشەممە بەڕێوەبچێت.
هەواڵ:KNNC
بڕیار نامیق، پەیامنێری
کەی ئێن ئێن بەدواداچونی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە کردوە و دەڵێت: چەند ساڵێکە کۆبونەوەی
پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو ئاستەی ئەمڕۆ ئەنجام نەدراوە، زەردەخەنە و تەوقەی گەرم نەیتوانی کۆبونەوەکە بگەیەنێتە ئەنجامێکی
هاوبەش.
سەرەتای کۆبونەوەکە
مەسعود بارزانی بە چل خولەک باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغداد و دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی
کوردستان کردوە، بڕیار نامیق زانیاریی ئەوەی
دەستکەوتوە کە لە کۆبونەوەکەدا، مەسعود بارزانی داوای لە یەکێتی و پارتی کردوە کە
هەرچی زوە لەبەغداد بکشێنەوە و بایکۆتی حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی داهاتو بکەن،
کە ئەوەش دەبێتە فشار لەسەر لایەنەسیاسیەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەهێنێتە سەرخەت،
بەمەش پشتیوانییەکی باش بۆ داواکارییەکانی هەرێم دروست دەبێت.
ئەو سەرچاوەی بڕیار نامیق وتی: یەکێتی
لە زاری بافڵ تاڵەبانی وتویەتی: بەدیل چیە؟ ئێمە موچەمان پێ دابین دەکرێ؟
لە وەڵامی ئەو
پرسیارەدا مەسرور بارزانی دێتە قسە و دەڵیت: نەخێر، رەنگە نزیکترین کەس شاهیدی ئەوە
بدات قوباد تاڵەبانییە کە ئاگای لە دۆخی داراییە ئێمەیە و ناتوانین موچە دابین بکەین.
بڕیار نامیق دەڵێت:
لەسەرچاوەکەم پرسی گەیشتن بەچی؟ لە وەڵامدا وتی: هەردوولا وتوویانە کە لەرێگەی سەرکردەکانی
چوار چێوەی هەماهەنگی و سودانەیەوە پێیان راگەیاندوون کە هەوڵێک هەیە تاکۆتایی ئەمساڵ
موچەی هەرێم لەدەرەوەی یاسای بوودجە دابین بکرێت، بەڵام دەبێت ئەو رێککەوتنەی کە دەکرێت
وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
لەکۆتایدا بڕیاردراوە
یەکێتی و پارتی تیمە وزارییەکانیان بکەنە یەک تیم و یەک هەڵوێست بن لە کۆبونەوەکان،
هەردو فراکسیۆنەکەش کاری هاوبەش بکەن و هاوهەڵوێست بن لەم پرسەدا، بافڵ تاڵەبانیش
وتویەتی: لە چەند رۆژی داهاتودا خۆشم سەردانی بەغداد دەکەم.
هەرچەندە باس لەوە
دەکرێت لە کۆبونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی پرسی موچە نەکراوە، بەڵام
دواین هەنگاوەکان پەیوەست کراوە بە بڕیاری کۆبونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراق.
سلێمانی – بڕیار
نامیق
1156 جار خوێندراوەتەوە