داواكاری گشتی كرماشان رایدەگەیەنێت: بەتۆمەتی سیخوڕیكردن و بڵاوكردنەوەی
پڕپاگەندە بۆ ئیسرائیل هێزە ئەمنییەكانی شارەكە (115) تۆمەتباریان دەستگیر كردوە.
هەواڵ: (KNNC)
حەمید ڕەزا کەریمی، داواكاری گشتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای
پارێزگای كرماشان رایگەیاند: لەسەرەتای دەستدرێژییەكەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هێزە
ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی توندیان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی
كە هاوكاری تەلئەبیب دەكەن گرتوەتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە دانانی بازگە بەدواداچونیان
كردوە و لە ئەنجامدا توانیوانە (115) سیخوڕ و كەسایەتیی دیكەیان دەستگیركردوە.
وتیشی: لە ئەم دۆخەی ئێستای وڵاتدا، هەر چالاكییەك و بڵاوكردنەوەی
پڕوپاگەندە بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل، دەچێتە چوارچێوەی تاوان، بۆیە (54) كەس لە
دەستگیركراوەكان هەوڵی بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەیان داوە و دەستبەسەر كراون، دواتر
بەوەرگرتنی بارمتە بۆ دوبارە نەكردنەوەی كارەكەیان ئازاد كراون.
داواكاری گشتی پارێزگای كرماشان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ
دەستگیركراوەكان بەخێرایی تەواو دەبن و بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی داد و
داواكاری گشتی ئیران، روبەڕوی یاسا دەكرێنەوە، ئاشكراشیكرد؛ یەكێك لە
دەستگیركاوەكان خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپییە و بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دۆسییەی بۆ كراوەتەوە.
108 جار خوێندراوەتەوە