بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئەتۆمی
ئێران، سەرۆكی روسیا ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری دەربڕیوە.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ پێنجەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی
کرێملین رایگەیاند: بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەتۆمی ئێران و ناكۆكییەكانی نێوان
تاران و واشنتۆن، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی
هاوكاری و نزیككردنەوەی هەردو وڵات دەربڕیوە.
وتیشی: پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و
ئێران زۆر باشە و سەرۆكی روسیا دەتوانێت ئەو پەیوەندییە بۆ چارەسەری كێشەی ئەتۆمی
تاران بەكاربهێنێت.
دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆكی ئەمەریكا پەیوەندی بەڤلادیمێر پوتین، سەرۆک روسیاوە كردوە، تیایدا پوتین
پێشنیاری بۆ بەشداریكردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەكەی نێوان تاران و واشنتۆن كردوە.
پێشتر و لە رۆژی دوشەممە؛ سەرۆكی
ئەمەریكا رایگەیاند: سەرباری جەختكردنەوەی ئێران لەسەر پیتاندی یۆرانیۆم، بەڵام
واشنتۆن پێداری لەسەر رێژەیەكی دیاری كراو دەكات و ناهێڵێت تاران لەو رێژە زیاتر بەرهەمبهێنێت.
182 جار خوێندراوەتەوە