حكومەتی هەرێم: پابەندیەكانمان بەرامبەر بەغداد جێبەجێ كردوە

KNN : Kurdish News Network
05:00 - 04/06/2025
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: سەرباری ئەوەی كە حكومەتی هەرێم پابەندیەكانی جێبەجێ كردوە، بەڵام راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان سزادانی بە کۆمەڵی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.


هەواڵ: (KNNC)

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكەیان، ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: سەرباری ئەوەی كە حكومەتی هەرێم پابەندیەكانی بەتەواوی جێبەجێ كردوە، بەڵام بڕیاری ڕاگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان نادەستوریی و نایاساییە و سزادانی بە کۆمەڵی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.


دەشڵێت: لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (158) لە (2025/12/3) بۆ ئەوانەی کە سودمەند نەبون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی،  لێخۆشبون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت و ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

 

بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بەدواداچونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستوەتەڕو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی موچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستوری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردوە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی موچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانویەک، قوتی موچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمە.

 

هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستوریی و یاسایی و داراییەکان ڕونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی موچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستور.

 

بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی نوسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردوە لێخۆشبون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سودمەند نەبون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.

 

بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە خستنەڕوی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.
پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕوی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.

 

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دوشەممەی هەفتەی داهاتو 2025/6/9 ڕۆژانی پشوی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

198 جار خوێندراوەتەوە