ژنانی پەرلەمانتاری هەرێم
رایدەگەیەنن: پێدانی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران گرنگترین داواکارییەکانی خەڵکی
کوردستانە، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کێشەكە بەسیاسی كراوە و داواش دەكەن
كە چارەسەری خێرا بۆ ئەم نا بەرپرسیارەتییە ناڕەوایە بكەن.
هەواڵ: (KNNC)
ژمارەیەك لە ژنانی پەرلەمانتاری
هەرێمی كوردستان نامەیەك ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق دەكەن كە تیایدا هاتوە: پێدانی
موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران گرنگترین داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام لە
لایەن خاتو تەیف سامی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵەوە کێشەكە بەسیاسی كراوە و
سزای موچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێم دەدەن.
رونیانكردوەتەوە كە؛ كاتێك حکومەتی عێراقی
و ژنە وەزیرەکەی، واژۆییان خستە سەر بڕیارێکی نادەستوریی و مافی سەدان هەزار موچەخۆری
هەرێمی کوردستانیان راگرت، بیریان لە سفرەی بەتاڵی جەژن و گیرفانی خاڵی باوک و دایکی
هەزاران مناڵی بێناز نەکردەوە، لە کاتێکدایە جەژنی قوربانی پیرۆز بۆ قوربانیکردن و لێخۆشبون و دەستگیرۆیکردنی مسوڵمانانە.
ژنە پەرلەمانتارەكانی هەرێمی كوردستان
داوا دەكەن كە؛ چارەسەری خێرا بۆ ئەم نا بەرپرسیارەتییە ناڕەوایە و نەناردنی موچە
بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن و بانگەواز بۆ حکومەتی عێراق و بەتایبەتی خاتو تەیف
سامی، دەكەن كە مافی هاوڵاتییان بە دەستوری و یاسایی بەرز رابگرن، نەک پشت بەستن بەبڕیارە
سیاسییەکان.
دەقی پەیامی ژنانی پەرلەمانتارانی
هەرێمی كورستان:
پەیامی ژنانی پەرلەمانتاری هەرێمی
کوردستان بۆ حکومەتی عێراق وتایبەت بە وەزیری دارایی بەڕێز خاتو تەیف سامی، لەڕوانگەی
بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەر بەڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەئەرکی
سەرشانی خۆمانمان زانی پەیامی خۆمان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بکەین.
لە کاتێکدا کە پێدانی موچەی فەرمانبەران
و موچەخۆران گرنگترین داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بوە، بڕیاری بڕینی لە لایەن وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵی خاتو تەیف سامی، ئەمە کێشەی سیاسیە و سزادانە بەرامبەر
بە موچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێم.
بڕیاری ڕاگرتنی موچە فەرمانبەرانی هەرێم
، لە کاتێکدایە کە بەرەو جەژنی قوربانی پیرۆز دەچین، کە جەژنی قوربانیکردن و لێخۆشبون
و دەستگیرۆیکردنی مسوڵمانانە، پێچەوانەی بنەما سەرەتاییەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام
و مافی مرۆڤە.
حکومەتی عێراقی و ژنە وەزیرەکەی، کاتێک
واژۆییان خستە سەر بڕیارێکی نادەستوریی و مافی سەدان هەزار موچەخۆری هەرێمی
کوردستانیان ڕاگرت، بیریان لە سفرەی بەتاڵی جەژن و گیرفانی خاڵی باوک و دایکی هەزاران
مناڵی بێناز نەکردەوە.
بڕیارەکە پێشێلکردنی ڕونە بە دەستوری
عێراق پشت بەستن بە مادەی ١٤ و ١٠٦ دەستور، ماددەکانی پەیوەندیدار بە یەکسانی هاوڵاتیانی
عێراق بۆ مافەکانیان.
بڕیاری نەناردنی موچە تایبەتە بە کێشە سیاسیەکان ئەنجامی کاری حکومەتێکە هەست بە بەرپرسیایەتی
ناکات.
داواکارییەکانی ئێمە وەک ژنانی پەرلەمانتاری
کوردستان:
یەكەم: داوای چارەسەری خێرا بۆ ئەم نا
بەرپرسیارەتییە ناڕەوایە و نەناردنی موچە
بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین.
دوەم: بانگەواز بۆ حکومەتی عێراق و بەتایبەتی خاتو تەیف سامی،
بۆ ئەوەی مافی هاوڵاتییان بە دەستوری و یاسایی بەرز ڕابگرن، نەک پشت بەستن بەبڕیارە
سیاسییەکان.
سێیەم: بەڕێز وەزیری دارایی، وەک ژنێک،
وەک دایکێک، وەک خوشکێک: “کاتێک بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانت دا، بیرت نەکرد
لە ژنان و مناڵانیان، وەک خۆت و خێزانەکەت؟! دەیان هەزار ژن و خێزان، ڕوبەڕوی قەیرانێکی
دروستکراوی سیاسی و ئابوری دەبنەوە، ئەوانیش هاوڵاتی عێراقین.”
لەکۆتاییدا، داواکارین دادگای فیدراڵی
و ئەنجامدەرانی پەیوەندیدار بە بڕیاری دادپەروەرانە و یاسایی بدەن، بۆ ئەوەی خەڵکی
کوردستان نەبن بە ئامانجی بڕیاری سیاسی.
سڵاو و ڕێزمان بۆ هەمو دایک و باوکی
کوردستان، کە بە شەپۆل و بە ناحەق موچەیانی زەوت دەکرێت.
308 جار خوێندراوەتەوە