دلێر عەبدولخالق: هەرێمی کوردستان و سکۆتلەندا خاڵی هاوبەشمان زۆرە، پێویستمان بە هەمانگی و کاری پێکەوەییە

KNN : Kurdish News Network
07:57 - 04/06/2025
کوردستان
+
-

لە باڵەخانەی پەرلەمانی سکۆتلاند، شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە کۆبونەوەیەکی فەرمی پەرلەمان کرد، تێیدا شاندی بزوتنەوەی گۆڕان داوایان کرد پەیوەندییەکانی هەردو هەرێم فراوان بکرێت. 


لەسەر بانگهێشتی فراکسیۆنی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا و شاخەوان ستار، لەڕێکخراوی گەشەپێدانی کوردی، شاندیکی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان و رەوەندی کوردی ئامادەی کۆبونەوەیەک بون لە پەرلەمانی هەرێمەکە.

 

بۆب دۆریسپەر، پەرلەمانتاری سکۆتلاند لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا بەخێرهاتنی بەشداربونی کرد و ئەو دیدارەی وەک وێستگەیەکی گەشەپێدانی پەیوەندی کورد و سکۆتلەندا باسکرد. 

 

هاوکات فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان، بە کەی ئین ئێنی راگەیاند، بەبایەخەوە هەڵوەستە لەسەر بەهێزکردنی ڕایەڵەکانی هەماهەنگی و هاریکاری هەرێمی کوردستان- هەرێمی سکۆتلەندا لەناو شانشینی یەکگرتودا کرا.

 

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم وەک ئەندامی تیمی حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کردبو رایگەیاند، هەر کۆمپانیایەکی بیانی یان سەرمایەدارێک بیەوێت ڕو لە هەرێمی کوردستان بکات ئەوان هاوکار و پشتیوانی دەبن.

 

لای خۆشییەوە، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی، وەک گروپێکی نەتەوەیی-کلتوری کرد، لە پاڵپشتی پرسە گشتیەکان کرد، هاوکات داوای کرد پەیوەندیەکانی هەرێم و سکۆتلەندا لە ڕووی سیاسیی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و ئیداری بەرەوپێشبچێت، بەتایبەت کە خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردو هەرێمدا زیاترن.

 

شاندی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتبو لە هەریەکە لە دلێر عەبدولخالق، ریکخەری ژوری ڕۆژنامەوانی و  فواد جەمال ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی، جوانڕۆ محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و کەمال موسلیم وەزیری، پیشەسازی و بازرگانی و ژمارەیەکی دیکە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی.

313 جار خوێندراوەتەوە