وتەبێژی
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەكان و پەرلەمانی
كوردستان كارا بكرێت، حكومەت پێكبهێندرێت، بۆ ئەوەی دامەزراوە نیشتیمانییەكانی
هەرێم دانوستان لەگەڵ عێراق بكەن، دەشڵێت: ژیانی خەڵكی هەرێم لە حزبەكانی دەسەڵات
و ئۆپۆزسیۆن گرنگترە، نەك هەرلایەنە و لەلایەك یاری بەقوت و موچەكانیان بكەن.
هەواڵ:
(KNNC)
دلێر عەبدولخالق،
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: نەخشتە رێگای بزوتنەوەی گۆڕانیان خستوەتەسەر
مێزی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان كە چەند خاڵێكی گرنگی لەخۆ گرتوە، كە پێویستە
دامەزراوە نیشتیمانییەكان، دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێت، بەزویی
كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت.
لەسەر چارەسەری
كێشەكان و نەخشتە رێگای دانوستانەكان لەگەڵ بەغداد، وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان
لەدەرەوەی كۆبونەوە قسەناكات، بەڵكو نەخشەرێگای چارەسەری كێشەكان ئامادە دەكات و لەسەر
مێزی گفتوگۆ دەیخاتە بەردەستی لایەنە سیاسییەكان، هەروەها پێشی راگەیاندون كە
پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەكانی هەرێم بەرپرسیارێتی دانوستانێكی راستەقینە لەگەڵ
وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ئیتیحادی لەئەستۆ بگرن.
سەبارەت
بە پێنەدانی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و موچەخۆران وتەبێژی بزوتنەوەی
گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، نابێت لەنێوان كێشە سیاسییەكانی بەغداد و هەولێر سفرەی
ماڵەكانی موچەخۆرانی هەرێم بەتاڵ بكرێت و نانی لەسەر نەبێت، كە لە ساڵی (2014)ـەوە
بەهۆی كێشە سیاسییەكانی نێوان هەرێم و عێراقەوە سزای خەڵك دەدرێت.
وتەبێژی
بزوتنەوەی گۆڕان جەختیكردەوە كە؛ داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم ناشەفافە پێویستە
لەسەر حكومەتی هەرێم داهات بەشێوەیەكی شەفاف بخاتەڕو، لە ئەگەری رێكنەكەوتنی هەردو
حكومەتی هەرێم و عێراق، بۆ دابینكردنی موچەی مانگەكانی داهاتوی ساڵی (2025)
دەتوانرێت بەداهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران و دۆخی بازاڕ باشبكرێت؟ چونكە ژیانی خەڵكی
هەرێم لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرنگترە، نەك هەرلایەنە و لەلایەك یاری بەقوت و موچەكانیان
بكەن.
لەسەر ئەو
لایەنەی كە پێویستە دانوستان لەگەڵ عێراق ئەنجامبدات، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی
بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند: لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان،
راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییە
شەرعییەكان دانوستان ئەنجام بدەن و كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم راوێژكاری
و پاڵپشی بێت بۆ دامەزراوەكان، بزوتنەوەی گۆڕان واژۆی لەسەر ئەو بڵاوكراوەنەكردوە.
170 جار خوێندراوەتەوە