غەززە؛ بۆردومانەکانی ئیسرائیل بەردەوامە و نیوەی دامەزراوە پزیشکییەکانی مانگی سوور داخران

KNN : Kurdish News Network
01:36 - 30/05/2025
جیهان
+
-


وتەبێژی خاچی سوری فەلەستینی ڕایگەیاند کە نیوەی دامەزراوە پزیشکییەکانیان لە غەززە کارەکانیان ڕاگرتوە و  بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلیشەوە  20  کەس کوژراون.

هەواڵ:KNNC


وتەبێژی خاچی سور ڕایگەیاندوە، بەهۆی بەردوامی هێرشەکانی ئیسرائیل و کەمی سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکی "نیوەی دامەزراوە پزیشکییەکانی مانگی سوور لە غەززە کارەکانیان وەستاندوە".

لای خۆشیەوە وتەبێژی فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا 200 هەزار کەس لە غەززە ئاوارە بون.

 

ناوبراو باسی لە ڕێگرییەکانی  ئیسرائیل کردوە و وتویەتی؛ هێزەکانی ئیسرائیل  ڕێگری دەکات لەوەی پێداویستی بچێتە ناو غەززەوە،  جگە لە بڕێکی کەم نەبێت لەو هاوکارییانەی کە بۆ شارەکە نێردراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆی 900  بارهەڵگر کە وەک هاوکاری بۆ غەززە نێردراون، ئیسرائیل تەنها ڕێگەی بە  600 بارهەڵگریان داوە بچێتە سنوری کەرتەکەوە و لەو ژمارەیەش بەربەستی بۆ زۆریان دروست کردوە، کە وایکردوە هاوکارییەکان بە زەحمەت بگەنە دەستی هاوڵاتییانی شارەکە.


کەرتی غەززە بەدەست قەیرانێکی کارەساتبار و مرۆیی و فریاگوزاری و برسێتییەکی سەختەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی  لەو کاتەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە 2ی ئازاردا دەروازەکانی داخست و ڕێگری کرد لە هاتنە ژورەوەی خۆراک و دەرمان و یارمەتی و سوتەمەنی بۆ ناوچە کارەساتبارەکە.

75 جار خوێندراوەتەوە