بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: هەشت ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی ڕەوانشاد
نەوشیروان مستەفا ئەمین دا، ئەو سەرکردەیەی هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە، هەڵگری پڕۆژەیەکی
نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی دادپەروەرانە بو، لەو پێناوەشدا هەموو تەمەنی خۆی بەخشی و جەختیش دەكاتەوە كە؛ پابەندی خۆمان بە سەرخستنی پڕۆژە سیاسیەکەی نەوشیروان مستەفا دوپاتدەکەینەوە.
ئەمەش دەقی راگەیەمدراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە؛
بزوتنەوەی گۆڕان: پابەندی خۆمان بە سەرخستنی پڕۆژە سیاسیەکەی نەوشیروان مستەفا دوپاتدەکەینەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست ..
هەڵسوڕاو و دۆستان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان ..
هەشت ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین دا، ئەو
سەرکردەیەی هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە، هەڵگری پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی
دادپەروەرانە بو، لەو پێناوەشدا هەموو تەمەنی خۆی بەخشی.
بەداخەوە، لە (١٩ ئایاری ٢٠١٧)دا، کوردستان کەسایەتییەکی گەورەی لەدەستدا،
کە هەمیشە بە چەندین شێوازی جیاجیا خەباتی دەکرد. لەلایەک وەک ڕابەرێکی سیاسی و
ستراتیژی بۆ گەیشتن بە ڕزگاری نیشتمانی نەخشەی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەی دادەنا، لەلایەکی
دیکەوە، وەک فەرماندەیەکی ئازا و لێهاتووی پێشمەرگە، کوردستانی کردبووە لانکەی بەرخۆدان
و بەرنگاری لە دژی سیاسەتی فاشیزمی بەعس، لەلایەکی دیکەشەوە، بە قەڵەمەکەی مێژووی
کورد و کوردستانی تۆماردەکرد و بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ئەدەبیات و تایبەتمەندییەکانی
کۆمەڵگە کوردەواری دەنوسیەوە.
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، لە خراپترین دۆخەکانی شۆڕشی کوردستاندا، ئەو بەڵینەی
بردە سەر، کە لە هیچ بارودۆخێکدا کوردستان جێنەهێڵێت تا لەگەڵ هاوڕێکانی دەیگەیەننە
مەنزڵگای ئارامی. ئەوە بوو لە دوای ئەنفالە بەدناوەکان لە ساڵی (١٩٨٨) ڕێک لەو کاتەی
رژێمی سەدام ئاهەنگی سەرکەوتنی بەسەر ئێران و شۆڕشی کورددا دەگێڕا؛ ئەو نەخشەی ڕاپەڕین
و ڕزگارکردنی کوردستانی دادەڕشت و هەر ئەو موکوڕیەشی لەسەر گەیشتن بە سەرکەوتن وای
کرد؛ لە بەهاری (١٩٩١)دا ڕابەرایەتی ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان بکات و لە ماوەیەکی
کەمدا تەواوی کوردستان بە کەرکوکیشەوە ڕزگار بکرێت.
دوای راپەڕین، ڕەوانشاد زوو تێگەیشت، کە سیستەمی حوکمڕانی هەرێم دوای ساڵی
(١٩٩١) لە ئامانجەکانی خۆی لایداوە و پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە، بۆیە چەندین پرۆژەی
بە نوسین خستەبەردەستی سەرکردایەتی ئەو کاتەی هەرێم، بەڵام بەداخەوە، گوێی لێنەگیرا
و هەرێمی کوردستان دەرگیری چەندین قەیرانی سیاسیی، دارایی و ئابوری، ئیداری و یاسایی
کرا، بەوەش حوکمڕانی کوردی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی حوکمڕانی خراپی لەخۆیدا کۆکردەوە.
پڕۆژە سیاسییەکانی نەوشیروان مستەفا، هەمیشە خەسڵەتی مەدەنی و ئاشتیانەیان
لەخۆ دەگرت و پشتی بەستبوو بە:
- دامەزراندنی هەرێمێکی دامەزراوەیی، نەک حزبی و بنەماڵەیی.
- چەسپاندنی سەروەری یاسا، نەک دەسەڵاتی گروپ و تاقمی تایبەت.
- دروستکردنی پەرلەمانێکی کارا، کە دەنگی گەل بگوازێتەوە و ئازایانە و بە سەربەخۆیی چاودێری حکومەت بکات.
- پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و بەرپرسیار، پشت بە شایستەیی و دادپەروەری ببەستێت.
- یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە سوپایەکی نیشتمانی و بێ لایەن و، بە دامەزراوەیکردنی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و ناوخۆ، کە ملکەچی سەرکردایەتییەکی مەدەنی و دەستووری بێت.
- دوورخستنەوەی دەستی حزب لە دامەزراوەکانی خوێندن و زانکۆ و پەیمانگاکان.
- چالاککردنی ڕۆڵی دادگا، میدیا، و کۆمەڵگەی مەدەنی وەک هاوسەنگی هێز لە سیستەمی دیموکراتیدا.
- بەرگریکردن لە مافە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان لە پەروەردە، کار، بەشداری، و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.
- بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و گەنجان بۆ ئەوەی لە ناوەندی ژیانی گشتیدا بن، نەک لە پەراوێزیدا.
لەم سۆنگەیەوە، نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی تەقلیدی نەبو، بەڵکو هەڵگری بیرۆکەیەکی
گشتگیر بو، بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی و نوێ، کە متمانەی لە گەل وەردەگرت، نەک لە چەک، یان
گوێڕایەڵی بۆ بنەماڵەکان. لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەکانی بۆ گەشەسەندنی سیاسی و ئیداری
و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێم وەکو خۆیان ماون، بگرە بوونەتە ئەمری واقع و بەبێ جێبەجێکردنیان
دۆخی هەرێمی کوردستان بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە.
لەبەرئەوە، ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان، جارێکی تر پابەندبوونی خۆمان بۆ سەرخستنی
پڕۆژەکانی ڕادەگەیەنین، بڕوامانوایە هەرێم لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە چاکسازی
قوڵ و گەڕاندنەوەی هیوا بۆ خەڵک هەیە، بۆ ئەم کارەش پێویست بە هۆشیاری، بوێری، ویستی
سیاسی ڕاستەقینە هەیە.
لە کۆتایدا، بەڵێ نەوشیروان مستەفا ئێستا بە جەستەوە لێمان دوورە، بەڵام بیروباوەڕ
و پرۆژەکانی لە ویژدانماندا نەمرن و، هاندەرمانن بۆ بەردەوامی و خەبات لەپێناو کۆمەڵگەیەکی
دادپەروەر و چاکسازی ڕیشەیی و حوکمی یاسادا.
بزووتنەوەی گۆڕان
١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
214 جار خوێندراوەتەوە