بەڕێوەبەری
گشتی بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت: پڕۆسەی بەئەلیكترۆنی كردنی فۆڕمی خۆراك كە لەڕێگەی
بەرنامەیەكی مۆبایلەوە ئەنجام دەدرێت ئاسانكاری زۆر بۆ هاوڵاتیان دەكات و ئاشكراشی
دەكات؛ ئەمساڵ تەواوی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرنەوە.
هەواڵ:
(KNNC)
لەبەرنامەی
پرسی رۆژی (KNN)ـدا نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم
رایگەیاند: پڕۆسەی بەئەلیكترۆنی كردنی فۆڕمی خۆراك لەڕێگەی بەرنامەیەكی مۆبایلەوە
ئەنجام دەدرێت كە ئاسانكاری زۆر بۆ هاوڵاتیان دەكات، بەڵام سەرەتا لەلایەن
هاوڵاتییانەوە پڕبكرێتەوە كە پێویستی بەتەواوی زانیاری لەسەر سەرۆك خێزان و
ئەندامەكانییەتی.
وتیشی:
یەكێك لەو پێداویستیانەی كە بەرنامەكە پێویستییەتی، كارتی نیشتیمانییە هەر هاوڵاتیەك
كارتی نیشتمانی نەبێت ناتوانێت فۆڕمی خۆراكەكەی بەئەلیكترۆنی بكرێت، بەوەش بەشە خۆراكی
مانگانەی دەبڕدرێت، جەختیشیكردەوە كە؛ تەنها بە كارتی نیشتمانی دەتوانرێت فۆڕمی ئەلیكترۆنیكردنی
بەشە خۆراكی مانگانە پڕبكرێتەوە.
رونیكردەوە؛
بێجگە لە ئەوەی هاوكارییەكی زۆری هاوڵاتیان دەكات بۆ زیادكردنی ئەندامی خێزان یان
كەمكردنەوەی، رۆتین لە فەرمانگەكاندا كەم دەكاتەوە و شەفافیەت زیاد دەكات، هەروەها
بەردەوام زانیارییەكانی ناو بەرنامەكە نوێ دەكرێتەوە و هاوڵاتیان لە كاتی وەرگرتنی
بەشەخۆراك و جۆرەكەی ئاگادار دەكاتەوە.
سەبارەت
بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و نرخی بۆ یەك تۆن، راشیگەیاند: كاتی پێگەیشتنی گەنم
لە هەرێم دەكەوێتە مانگی شەش، بەڵام وەزارەتەكەی لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ
وەرگرتنی (400) هەزار تۆن كردوە، هەروەها نرخی وەرگرتنەوەی گەنم لەلایەن بەغدادەوە
دیاریكراوە و جیاوازە؛ نرخی یەك تۆن گەنمی بەربارانی بە (800) هەزار دینار و ئەو
گەنمەشی بەبارانی دەستكرد ئاودراوە بە (850) هەزار دینار دیاریكردوە.
لەوەڵامی
پرسیاری؛ ئەگەر بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە (400) هەزار تۆن زیاتر بو
وەردەگیرێتەوە؟ بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەرەتا
ئەو بڕەدیاریكرابو، بەڵام ئەگەر زیاتر بو لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ دەكەن و لەسەر
بنەمای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە سەرجەم گەنمی جوتیاران وەردەگرێت،
تەواوی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرنەوە.
175 جار خوێندراوەتەوە