روسیا: بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەست چاوەڕێی ئۆكرانیا دەكەین

KNN : Kurdish News Network
07:26 - 03/05/2025
جیهان
+
-

بۆ جێبەجێ كردنی پێشنیازی ئاگریبەستی سێ رۆژەی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ، روسیا چاوەڕێی وەڵامی یەكلایی كەرەوە لە ئۆكرانیا دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا كە كۆشكی کرێملین بڵاویكردوەتەوە تیایدا هاتوە: بۆ جێبەجێ كردنی پێشنیازی ئاگربەستی سێ رۆژە كەلەلایەن ڤلادێمیر پوتین، سەرۆكی روسیا راگەیەندراوە، چاوەڕێی وەڵامێكی "یەکلاکەرەوە"ـی ئۆکرانیا دەكەن، بەڵام تا ئێستا كیێڤ وەڵامێكی رونی مۆسكۆی نەداوەتەوە كە ئەوەش "هەڵەیەكی مێژوییە" لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت.


پێشتر و بەبۆنەی (80) ساڵەی سەركەوتنی یەكێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانەكانی بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی دوەمی جیهانیدا، پۆتین سەرۆكی روسیا پێشنیازی سێ رۆژ ئاگربەستی لە رۆژی (8 بۆ 10ـی ئایار) بۆ ئۆكرانیا كردبو.


كرێملین ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی (72) كاتژمێر دەخایەنێت، لە بەرامبەردا بۆ ئاهەنگ گێران بۆ رۆژی سەركەوتن پوتین لە (9ـی ئایار)ـدا میوانداری سەرکردەکانی جیهان دەکات كە  لە نێویاندا شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ئامادە دەبێت.

 

لای خۆشیەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاگربەستی لەو شێوەی رەت كردوەتەوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردوەتەوە؛ پێویستە ماوەی ئاگربەست لە (30) رۆژ كەمتر نەبێت، وڵاتەكەی بە لەو ماوە كەمتر لە ئاگر بەست رازی نابێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی بەردەوامی جەنگی نێوان كیێڤ و مۆسكۆ، ئۆکرانیا ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی هیچ بیانییەک بکات کە بۆ نمایشی (9ـی ئایار) سەردانی روسیا دەكەن.

 

دواتریش، وەزارەتی دەرەوەی روسیا وەڵامی سەرۆكی ئۆكرانیای دایەوە كە ئەو قسانەی زێلێنسكی زیاتر وەك هەڕەشە هەژمار دەكەن.

101 جار خوێندراوەتەوە