نەتەوە یەکگرتوەکان: منداڵانی غەززە لە برسێتیدا لەناو زبڵەکاندا بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 02/05/2025
جیهان
+
-




ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند؛ منداڵانی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و  بۆ دەستکەوتنی خۆراک ناو زبڵ و خاشاک دەگەڕێن،  داواشدەکات کاربکرێت بۆ  کۆتاییهێنانی گەمارۆکانی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە.

هەواڵ:KNNC



وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتوەکان، ئۆلگا چێرێڤکۆ لە کەرتی غەززە ڕێگەی لینکی ڤیدیۆییەوە، قسەی بۆ رۆژنامەنوسان کردوە و باسی لە بارودۆخ و ژیانی کارەساتباری کەرتەکە کردوە و رایگەیاندوە؛ دۆخەکە زۆر خراپە و  منداڵانی بەدخۆراک لەسەر شەقامەکان دەبینرێن و هەرچی زوە دەبێت گەمارۆکانی سەر کەرتەکە بشکێندرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە نائومێدیەوە دانیشتوان هێرش دەکەنە سەر ئەو بارهەڵگرانەی کە پێیان وایە ڕەنگە ئاو یان خۆراکیان هەڵبگرن".

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتوەکان وتوشیەتی؛  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان بەردەوام بن لە سەیرکردنی وێنە ترسناکەکانی غەززە کە خنکاندن و برسی بونن، یان کۆکردنەوەی بوێری و ئەخلاق بۆ گرتنەبەری هەنگاوێک کە ئەم گەمارۆ بێ بەزەییانە بشکێنێت.

ئیسرائیل ماوەی دوو مانگە ڕێگەی بە خۆراک و دەرمان و کەلوپەلی سەرەکی نادات بچنە ناو کەرتی غەززە و ڕایگەیاندوە،، ئەمە وەک فشارێک بەکاردەهێنێت بەرامبەر بە حەماس بۆ ئەوەی ئەو بارمتانەی لەلای ماونەتەوە و  لە ژیاندان  ئازاد بکات.

لای خۆشیەوە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور هۆشداریداوە،  لەوەی دانیشتوانی غەززە ژیانکردنیان زەحمەت بوە و لە مەترسیدان، لەبەر ئەوەی جگە لە شەڕ و تۆپبارانکردنیان، روبەڕوی تەواوبونی  خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان بونەتەوە.



105 جار خوێندراوەتەوە