سەرۆکایەتی سوریا: بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە

KNN : Kurdish News Network
06:10 - 02/05/2025
جیهان
+
-


لە وەڵامی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا، بەیانامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی عەرەبی دەکەن لە بەرامبەر هێرشە شەڕانگێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر سوریا ڕێگری لە ئیسرائیل بکەن .

هەواڵ:KNNC


دوای نزیکەی 12 کاتژمێر لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەوڵدانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە بەیاننامەیەکدا، کە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردوە، ئیدانەی هێرشەکە دەکەن، کە بینایەکی مەدەنی  کردوەتە ئامانج و  ئەمکارانە  ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ئەو کارە بێباکانەی ئیسرائیلە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری وڵات و گەورەکردنی قەیرانە ئەمنییەکان و بە ئامانجگرتنی ئاسایشی نەتەوەیی و یەکگرتویی گەلی سوریا دەدات.


دیمەشق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی کردوە، پشتی سوریا بگرن و  لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم "هێرشە شەڕانگێزانە"ی ئیسرائیلدا لەگەڵ گەلی سوریادا بوەستن.

ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەیەکی تەنیشت کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق ئەنجامداوە و هۆشداریی دایە  دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا، سەبارەت بە مەترسی لەسەر کەمینەی دروزەکان، ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردو شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان دروزەکان و هێزەکانی ئەحمەد شەرع رویدا و بە هۆیەوە لەماوەی دوو ڕۆژدا  زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە.

220 جار خوێندراوەتەوە