وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕەتی
کردەوە، گەنمی بەنرخێکی هەرزان لەجوتیاران کڕی بێتەوە و راشیگەیاند؛ کڕینەوەی گەنم
لەجوتیاران بەپێی دیسپلین و رێنماییە فەرمییەکان دەبێت.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی
رەتکردەوە، کەباس لەکڕینەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیاران دەکەن بەنرخێکی هەرزانتر
لەو نرخەی کە بۆی دیاری کراوە.
جەختیشی کردوەتەوە، کڕینەوەی گەنم لەجوتیاران بەپێی دیسپلین
و رێنماییە فەرمییەکان دەبێت و نرخی ئەو گەنمەی کە لەجوتیاران وەردەگیرێت لەنێوان 800
بۆ 850هەزار دیناردایە.
وەک لەراگەیەنراوەکەی وەزارەتی بازرگانی
عیراقدا هاتووە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەو گەنمەی لەدەرەوەی
پلانی کشتوکاڵی چێنراوە، بەپێی نرخی جیهانی دەنرخێنرێت
و، وەزارەتی بازرگانی هیچ پەیوەندییەکی بەدیاریکردنی نرخەکەیەوە نییە.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، دەنگۆی
ئەوە هەبوو کە یەک تەن گەنم بە بڕی 450هەزار دینار لە
جوتیاران کراوەتەوە.
387 جار خوێندراوەتەوە