وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنى زیاتر لە یەک تۆن حەپى هۆشبەرى راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
06:38 - 16/03/2025
عێراق
+
-

وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەستبەسەراگرتنی بڕی زیاتر لە هەزار کیلۆگرام حەپی کەپتاگۆن و دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانیکردنی بەماددە هۆشبەرەکان راگەیاند

 

هەواڵ:KNNC

 

عەمید میقداد میری- وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ هەردو بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی و هەولێری  بنەبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و بەرێوەبەرایەتی گشتی بنەبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقلییەکان، دەستیان بەسەر هەزار و 100کیلۆگرام حەپی کەپتاگۆندا گرتوە، کە لەرێگەی سوریاوە رەوانەی تورکیا کراوە و لەوێشەوە هێنراوەتە ناوخاکی عیراق .

 

میری ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەدا تۆڕێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەساڵی 2024دا زیاتر لە حەوت هەزار کەس لەسەر بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون و لەهەمان کاتیشدا زیاتر لە شەش تەن لەمادەی هۆشبەر لەسەرتاسەری عیراق دەستی بەسەردا گیراوە و سزای لەسێدارەدانیش بۆ زیاتر لە 130 بازرگانی نێودەوڵەتی دەرکراوە.

147 جار خوێندراوەتەوە