ئیدارەی نوێی ئەمەریکا پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی
41 وڵات قەدەغە دەکات، وڵاتەکان بەسەر سێ ئاستدا دابەش دەبن؛ لە ئاستی
یەکەمدا وڵاتانی عەرەبی هەیە و سوریا و ئێرانیشی تێدایە و عێراقى
لێ بەدەرە.
هەواڵ:KNNC
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، ئیدارەی
نوێی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی
41 وڵات قەدەغە بکات، وڵاتەکانیشی بەسەر سێ ئاستدا دابەشکردوە، لە ئاستی
یەکەمدا 10 وڵاتی عەرەبی هەیە کە لەناویاندا سوریا و ئێران هەن.
هەر بەگوێرەی ئاژانسەکە، بەربەستەکان لە ئاستی
دوەمدا زیاتر دەکرێن بۆ هاوڵاتییانی روسیا و بێلاڕوس و هەشت وڵاتی
دیکە.
ئاستی سێیەمیش 21 وڵات لەخۆ دەگرێت، کە
بە ئەنگۆلا دەستپێدەکات و بە چاد و گینیا کۆتایی دێت، هەربەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ ئاژانسەکە قسەى
کردوە، تائێستا بڕیارەکە لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوە پەسەند
نەکراوە و ئەگەری گۆڕانکاریی لە ریزبەندییەکەدا هەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دۆناڵد
ترەمپ قەدەغەی گەشتی بەسەر حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمەریکا سەپاند کە عێراقیشی
تێدابو، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دادگاوە رەت کرایەوە.
157 جار خوێندراوەتەوە